لە درێژەی ڕەوتی تەریککەوتنەوە و قەیرانی دیپلۆماسیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، وەزارەتی دەرەوەی شیلی ڕایگەیاند کە هەتا ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەر چالاکیی باڵوێزخانەی وڵاتەکەی لە تاران ڕادەگرێت و خزمەتگوزاریی باڵوێزخانەی پەیوەندیدار بە ڕێژیمی ئێران بۆ باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە ئانکارا دەگوازرێتەوە.
بەپێی ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی شیلی، ئەم وزارتخانەیە ڕۆژی شەممە ٣١ی گەلاوێژ ڕایگەیاند کە بڕیاری داخستنی باڵیۆزخانەکە لە چوارچێوەی «بنیاتنانەوەی کارگێڕیی دیپلۆماسی» و بە ئامانجی بەکارهێنانی باشتری پێوەندییە دیپلۆماسییەکان دراوە و لە هەمان کاتدا دۆخی ئەمنییەتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەو بڕیارەدا ڕۆڵیان هەبووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی شیلیدا هاتووە کە ئەم هەنگاوە بە ئامانجی «پاراستن و دابینکردنی تەندروستیی کارمەندان»ی نوێنەرایەتییەکەیان لە تاران، ئەنجام دراوە.
ئەوە لەکاتێکدایە کە لە دوای شەڕ و بەرزبوونەوەی مەترسییە ئەمنییەکان لە ئێران، پێشتریش چەند وڵاتێک لەوانە ئیتالیا و سویس، باڵیۆزخانەکانیان لە تاران بە شێوەیەکی کاتی داخست و کارمەندە دیپلۆماسییەکانیان لە ئێران کشاندەوە.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای هاتنەسەرکارەوە و لە دوای دەسبەسەرداگرتنی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە ساڵی ٥٨ لەلایەن لایەنگرانی خومەینییەوە هەتا ئێستا، پێوەندییەکی باشی لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی جیهاندا نەبووە و لە ئێستادا ئەو ڕێژیمە ڕووبەڕووی قەیرانی زۆر جیددیی دیپلۆماسی و هەرەسهێنانی سیاسەتی دەرەوە بووەتەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا تەریکتر دەبێتەوە.