کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میدیاکانی ئەمریکا: ئەگەری هێرشی هاوبەش بۆ سەر بنکەکانی وزەی ئێران

09:07 - 10 گەلاوێژ 2726

میدیا دیارەکانی ئەمریکا، لەوانە "واڵ‌ستریت ژۆرناڵ" و "سی‌بی‌ئێس"، ڕایانگەیاند کە واشنگتۆن و تێلاڤیڤ سەرقاڵی دارشتنی پلانێک بۆ ئەنجامدانی یەکێک لە قورسترین کەمپەینەکانی بۆردومانکردنی ناوەندەکانی وزەی ئێرانن و ڕەنگە ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییە لە ڕۆژانی شەممە یان یەکشەممەدا دەست پێبکات.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، هەرچەندە زانیاریی دژبەیەک سەبارەت بە دەرکردنی بڕیاری کۆتایی لەلایەن دۆناڵد ترامپەوە هەیە، بەڵام لە کۆبوونەوەی کابینەکەیدا ڕایگەیاندووە کە بە سەختی لە تاران دەدەن و مەبەستیان تەنیا سەرکەوتنە.

وەزارەتی شەڕی ئەمریکاش جەختی کردەوە کە بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی سەرۆککۆمار، هێزەکانیان لە ئامادەباشیی تەواودان.

ئامانجی سەرەکی لەم هێرشە ئەگەرییانە، پێکانی وێستگەکانی کارەبا و پاڵاوگەکانە تا توانای هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بۆ بەڕێوەبردنی وڵات پەک بخرێت.

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە هەواڵگرییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بێنیامین نێتانیاهوو لە دیداری ئەم دواییەی لەگەڵ ترامپ، چەندین بژاردەی سەربازیی بۆ تێکدانی ڕێڕەوەکانی پشتییوانی زەوینی هێزەکانی ئێرانی پێشنیار کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی سی‌بی‌ئێس و لەزاری چەندین سەرچاوەی ئەمریکا، ئیسرائیل لەم ئۆپەراسیۆنە ئاگادار کراوەتەوە و لەگەڵ ئەمریکا لە هاواهەنگیدایە.

سەرەڕەڕای ڕاگەیاندنی ئامادەیی ئەمریکا، بەرپرسانی ئیسرائیل هێشتا ڕاستەوخۆ بەشداربوونی خۆیان لە کارزارێکی سەربازیی گشتگیردا لەگەڵ ئەمریکا بە فەرمی پشتڕاست نەکردووەتەوە.