کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی ئەمریکا بە هاوپشکە داراییەکانی ڕێژیمی ئێران

09:02 - 2 خەرمانان 2726

سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا، هۆشداریی بەو وڵاتانەی دا کە پەیوەندییە دارایی و بازرگانییەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەپارێزن، و ڕایگەیاند: "دەبێت لەنێوان هاوکاریکردن لەگەڵ تاران یان پاراستنی دەستپێڕاگەیشتن بە ئەمریکا و سیستەمی دارایی جیهانیدا، یەکێکیان هەڵبژێرن".

سکات بێسێنت، لە وتارێکدا لە ڕۆژنامەی فایننشاڵ تایمز جەختی کردەوە کە ئیدارەی ترامپ لە هەوڵدایە کە شادەمارە دارایی و بازرگانییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ببڕێت.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە هەموو ئەو وڵات و دامەزراوانەی کە هاوکاریی ڕێژیمی تاران دەكەن، دەخاتە ناو گۆشەگیرییەکی تەواوی ئابوورییەوە.

 بڕیارە ئەمڕۆ دوشەممە ٢ی خەرمانان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وردەکاریی نوێترین هەنگاوەکانی ئیدارەی ئەمریکا دژی کۆماری ئیسلامی ڕابگەیەندرێت و هۆشداریش دراوە کە بەردەوامبوونی هاوکاری لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، دەستپێڕاگەیشتنی ئەو وڵاتانە بە سەرمایە و بازاڕە جیهانییەکان دەخاتە مەترسییەوە.

وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا دووبارە جەختی لە دەستپێکردنەوەی قۆناغێکی نوێ و فراوانی گوشاری ئابووری دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاندووە و بە «ڕۆژی یەکلاکەرەوەی ئابووری» و "گەورەترین پەلاماری دارایی ڕێکخراو دژی دوژمنێک" وەسفی کردووە.

هەروەها بە وتەی بەرپرسانی ئەمریکا، ئەو بڕیارە بڕینی شادەماری ئابووریی ڕێژیمی ئێرانە و لە بەرانبەردا ئەو وڵاتانەی پەیوەندییان لەگەڵ تاران ببڕن پاداشت دەکرێن و دەستپێڕاگەیشتنیان بە سەرمایەی جیهانی زیاد دەکات لە کاتێکدا ئەوانەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تاران بپارێزن، تووشی گۆشەگیریی ئابووری و لەدەستدانی متمانەی بازاڕەکان دەبن.

 هەروەها ئەمریکا جارێکی دیکە هۆشداریی داوە کە ئەگەر تاران لەم دۆخە پڕ قەیرانەدا کە نرخی دۆلار لە بازاڕی ئازادی ئێران گەیشتووەتە ٢٠٠ هەزار تمەن، دەست بە  چالاکیی سەربازی بکاتەوە، ترامپ بە خێرایی و لێبڕاوانە وڵامیان دەداتەوە.