کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاژاوەگێڕییەکانی ڕێژیمی ئێران هاتوچۆی دەریایی لە هۆرمۆز و بابولمەندەب پەک خستووە

09:07 - 2 خەرمانان 2726

بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی ئۆپەراسیۆنی بازرگانیی دەریایی بریتانیا، ڕەفتارە تێکدەرانە و هەڕەشە بەردەوامەکانی ڕێژیمی ئێران بوونەتە هۆی پەککەوتنی هاتوچۆی بازرگانی لە گەرووی هۆرمۆزدا.

ئەم ڕێکخراوە ئاشکرای کردووە کە داتاکان دابەزینی بەرچاوی ڕێژەی کەشتیوانی نیشان دەدەن و تەنیا ژمارەیەک لە کەشتییەکان بەم ڕێڕەوەدا تێپەڕ دەبن.

سەرەڕای نەبوونی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لە ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا، بەڵام کردەوە ئاژاوەگێڕییەکانی ڕێژیمی تاران لەوانە فڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، سیخوڕی و چاوەدێریکردنی ئامانجدار و پەیوەندییە ڕادیۆییە ناوبەناوکان هەڕەشەیەکی جیددییان لەسەر ئەمنییەتی دەریاوانیی نێودەوڵەتی دروست کردووە.

ڕاپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە کە ڕێژیمی ئێران بەم پەلاماردان و ڕەفتارە قەیرانخولقێنانەی هەوڵ دەدات ئەمنییەتی ناوچەکە تێک بدات و گوشار بخاتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان.

لەلایەکی دیکەشەوە، بەهۆی گەمارۆدان و کردەوە تێرۆریستییەکانی میلیشیا حوسییەکانی هاوپەیمانی ڕێژیمی ئێران، هاتوچۆی دەریایی لە دەریای سوور و گەرووی بابولمەندەبیش ڕووبەڕووی پەککەوتنی هاوشێوە بووەتەوە.