ڕاپۆرتی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژووری بازرگانیی ڕێژیم دەریدەخات کە ژمارەی کارمەندان لە بەهارەوە تا زستانی ١٤٠٤، نزیکەی ٧٧٠ هەزار کەس و کۆی گشتیی حەشیمەتی چالاکی ئابووری زیاتر لە ١ میلیۆن و ٣٥٨ هەزار کەس کەمی کردووە.
ڕۆژی یەکشەممە ١ی خەرمانان، ڕۆژنامەی "شەرق" بە بڵاوکردنەوەی بەشێک لە ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنی بازاڕی کاری ئێران، شەڕی ١٢ ڕۆژە و ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار، پچڕانی هێڵی ئێنتێرنێت و شەڕی ٤٠ ڕۆژەی کردووەتە هۆکاری بێکاربوونی کارمەندان.
شایانی باسە گەمارۆ درێژخایەنەکان، هەڵاوسانی بەرز، گۆڕانکارییەکانی نرخ و دراو، دابەزینی بەرهەمهێنان و لاوازیی گەشەی ئابووری، ناکارامەیی بەڕێوەبەریی بەرپرسانی ڕێژیم پێش ئەو ڕووداوانەش گوشاری زیاتری لەسەر کارمەندان و کرێکاران دروست کردبوو.
بەپێی ئامارەکانی ناوەندی ئاماری ژووری بازرگانیی ڕێژیم، ڕەوتی داڕمانی کار و قەیرانی بازاڕی کار لە ساڵی ١٤٠٤ دا قووڵتر بووەتەوە کە بەم شێوەیە؛ لە وەرزی بەهاردا نزیکەی ٢٥ میلیۆن و ١٢٢ کارمەند لەسەر کار بوون، لە هاویندا و دوای قەیرانی شەڕی ١٢ ڕۆژە، ١٦٥ هەزار کەس لەو ڕێژەیە کەم بوویەوە و لە پاییزدا ئەو ڕێژەیە بەرز بوویەوە بۆ ٢٦٥ هەزار کەس و لە زستاندا کە بە لووتکەی قەیران و کەمبوونەوەی بەرچاوی کارمەندان بەئەژمار دێت، ٧٧٠ هەزار کارمەندان بێکار بوون.
هەرچەند دامەزراوەکان سەرەتا هەوڵیان داوە کارمەندەکانیان بپارێزن، بەڵام لەگەڵ بەردەوامیی قەیرانەکاندا، خاوەنکارەکان پەنایان بردووەتە بەر کەمکردنەوەی هێزی کار، کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کار یان گرێبەستە تەواو وەختەکان.
بەپێی زانیارییەکان، دوای پێشهاتە سەربازییەکان و دروستبوونی شەڕ، تەنیا لە چوارچێوەی کاریگەرییە ڕاستەوخۆکاندا زیاتر لە ٤٥٠ هەزار کرێکاریش بێکار بوون و ٦٣٠ هەزار دەرفەتی کاری پیشەسازی لەنێو چوون.
ئەندامێکی باڵای ژووری بازرگانیی ڕێژیمیش ڕایگەیاندبوو کە ڕێژەی ڕاستەقینەی بێکاری پێنج ئەوەندەی ئامارە فەرمییەکانە.
مێهرداد دارانی، کارناسی پەیوەندییەکانی کار ئاماژەی بەوە کردبوو کە پێناسەی پەسەندکراوی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کار بووەتە هۆی بەلاڕێدادانی ئامارەکان؛ چونکە تەنانەت کارکردنی یەک کاتژمێریی ناکارامە لە حەفتەیەکدا وەک کاری ڕاستەقینە هەژمار کراوە.