سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداری ئەمریکا، دەستپێکردنی هەڵمەتێکی نوێی ئابووریی توندی بە ناوی "ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری" بەرانبەر کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگەیاند.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ڕێکارە نوێیانە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرۆککۆمار دونالد ترامپ دەستیان پێکردووە و ئامانجی سەرەکییان بڕینی تەواوی شادەمارە ئابوورییەکانی تاران، گۆشەگیرکردنی ڕێژیم و ناچارکردنی وڵاتانی جیهانە لە نێوان هەڵبژاردنی مامەڵەی ئابووری لەگەڵ ئێران یان دەستڕاگەیشتن بە سیستەمی دارایی ئەمریکا.
وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا جەختی کردەوە کە واشنگتۆن چیتر بە دوای کۆنتڕۆڵکردنی هەڕەشەکانی تارانەوە نییە، بەڵکوو کۆتاییهێنانی یەکجارەکی دەوێت و ئاماژەی بەوە دا کە ئێران تەنیا دوو ڕێگەی لەبەردەمدا ماوە؛ کە بریتیین لە گۆشەگیریی تەواوی جیهانی و ئابوورییەکی لاواز، یان گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی.
لە چوارچێوەی ئەم ئۆپەراسیۆنە بەرفراوانەدا، سزاکانی واشنگتۆن بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ پێنج کەرتی سەرەکیی داراییە دیجیتاڵییەکان، تێکنۆلۆژی، زێڕ، فڕۆکەوانی و کەشتیوانی دەکەنە ئامانج.
لە هەمان کاتدا، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی بانکەکان و ناوەندە داراییەکانی جیهان کرد و ڕایگەیاند هەر لایەنێک هاوکاریی سپیکردنەوەی پارە یان ئاسانکاری بۆ بازرگانیی تاران بکات، بەتەواوی لە سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی و مامەڵەکردن بە دۆلار بێبەش دەکرێت.
ئەم بڕیارە نوێیانەی واشنگتۆن لەکاتێکدایە کە وەزیری خەزێنەداری ئەمریکا پێشتر ئەم قۆناغەی گۆشەگیرکردنی ئێرانی بە "D-DAY ئابووری" وەسف کردبوو؛ بە ئامانجی گەیاندنی گوشارە ئابوورییەکان بە ئاستێکی بێوێنە.