دوناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" ڕایگەیاند کە ئابووریی ئێران بەتەواوی لە لێواری داڕماندایە.
ئەم لێدوانەی ترامپ هاوکاتە لەگەڵ جێبەجێکردنی خولێکی نوێ لە سزاکانی واشنگتۆن بەسەر تاراندا، کە سەرۆککۆماری ئەمریکا بە "سەختترین و بێوێنەترین سزاکان بەرانبەر دوژمنێک" وەسفی کردوون.
لە هەمان کاتدا، ترامپ ڕاپۆرتێکی میدیای "نیوزمەکس"ی لەسەر قسەکانی محەممەدباقر قاڵیباف، سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیمی ئێرانی بڵاو کردەوە کە تێیدا ئاماژەی بە قەیرانی ئابووریی ئێران کردبوو.
قاڵیباف لە کۆبوونەوەیەکدا لە بەغدا ڕایگەیاندبوو کە بە بێ گەشەی ئابووری و بەرهەمهێنانی نیشتمانی، تەنانەت بە هەبوونی توانای سەربازیشەوە ناگونجێت دەسەڵات بەردەوام بێت؛ کە ئەم لێدوانانە لەلایەن سەرۆککۆماری ئەمریکاوە وەک دانپێدانان بە کاریگەریی گوشارە ئابوورییەکان نیشان دراون.
ئەم پەیامانەی سەرۆککۆماری ئەمریکا لەکاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا لە دواکاتی ڕۆژی ڕابردوودا، ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردن و بڕینی تەواوی شادەمارە ئابوورییەکانی ڕێژیمی ئێرانی دەست پێکرد.