کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەوتهەڵگرێک لە نزیک ئاوەکانی عومان بەئامانج گیرا و لەکار کەوت

09:20 - 3 خەرمانان 2726

ڕێکخراوی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بریتانیا (UKMTO) ڕایگەیاند کە نەوتهەڵگرێک لە دووریی ۱۷ کیلومەتریی باکووری ڕۆژهەڵاتی ناوچەی شیشەی سەر بە پارێزگای مۆسەندەم لە عومان و لە نزیک گەرووی هۆرمۆز، بەهۆی هێرشێکی نەناسراوەوە، ماتۆرخانەکەی تووشی زیان بووە و توانای مانۆڕدان و جوولەی بەتەواوی لەدەست داوە.

ئەم ڕووداوە لەکاتێکدا ڕوو دەدات کە گەرووی هۆرمۆز و ئاوەکانی ناوچەکە بوونەتە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی ئاڵۆزی و مەترسییە دەریاییەکان.

هاوکات ڕێکخراوی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بریتانیا ئاماژەی بەوەش کردووە کە ڕۆژی پێشتر نەوتهەڵگرێکی تر لە دووریی ٦٣ مایلی دەریایی لە ڕۆژاوای بەندەری یونەبەعی عەرەبستان لە دەریای سووردا بە ئامانج گیراوە و لە ئەنجامدا ئاگر لەسەر جێگەی سەرەکیی کەشتییەکە کەوتووەتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، سەرچاوە فەرمییەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە لە هەردوو ڕووداوەکەدا سەرجەم دەریاوانان و خەدەمەی کەشتییەکان پارێزراون و هیچ زیانێکی ژینگەیی یان ڕژانی نەوت لە ئاوەکانی ناوچەکەکەدا ڕووی نەداوە.

ئەو ڕووداوانە لەکاتێکدایە کە ڕێژیمی ئێران و گرووپە نیابەتییەکانی لە مانگەکانی ڕابردوودا بەردەوام هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەکان و ئەمنییەتی کەشتیوانیی نێودەوڵەتییان خستووەتە مەترسییەوە و سەقامگیریی ئابووریی نێودەوڵەتیشیان تێکداوە و تێچووی دەریاوانییان بە شێوەیەکی بێوێنە بەرز کردووەتەوە.