کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو: کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵی تیرۆرکردنی یەکێک لە کوڕەکانمی داوە

12:46 - 3 خەرمانان 2726

بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵی داوە یەکێک لە کوڕەکانی تیرۆر بکات، بەڵام ئاماژەی بەوە نەکرد کە مەبەست لە کام لە دوو کوڕەکەیەتی (یائیر یان ئاڤنەر) و هیچ وردەکارییەکی لەسەر کات، شوێن یان شێوازی هەوڵەکە نەخستەڕوو.

نێتانیاهوو لە پەیوەندییەکی تلفۆنیدا لەگەڵ کاناڵی ۱۴ی ئیسرائیل وتی: "ئەمە دۆسییەیەکی باوەڕپێنەکراوە؛ کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکێک لە کوڕەکانی منی کردبووە ئامانج و هەوڵی دا بیکوژێت."

نێتانیاهوو ئاماژەی بەوەش کرد کە داوای لە دەیڤید زینی، بەرپرسی ڕێکخراوی ئەمنییەتی نێوخۆیی ئیسرائیل (شین بێت) کردووە ڕێکارەکانی پاراستن بۆ سەرجەم بەربژێرانی پۆستی سەرۆکوەزیران زیاتر بکات.

ناوبراو جەختی کردەوە کە پاراستنی کەسایەتییە سیاسییەکان نابێت بکەوێتە ژێر کاریگەریی کێبڕکێ هەڵبژاردنەکانەوە.

ئەو ڕووداوە لەکاتێکدایە کە ڕێژیمی ئیسلامی ئێران بە بڵاوکردنەوەی شوێنەکانی هاتوچۆی مێلانیا، ئیڤانکا و بارۆن ترامپ، هەڕەشەی لە بنەماڵەی سەرۆککۆماری ئەمریکا کردبوو.