کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

‌تێپەڕینی ٤٣ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی ٣٧ هاووڵاتیی شاری مەهاباد؛ برینێکی ساڕێژنەبووی مێژوو

12:53 - 3 خەرمانان 2726

ئەمڕۆ ٢ی خەرمانان، هاوکاتە لەگەڵ تێپەڕینی ٤٣ ساڵ بەسەر یەکێکیتر لە دڵتەزێنترین و تاریکترین لاپەڕەکانی مێژووی هاوچەرخی کوردستانە. لەم ڕێکەوتەدا، ٣٧ هاووڵاتیی بێتاوانی شاری مەهاباد، لە ڕێڕەوێکی نادادپەروەرانە و بەبێ بوونی کەمترین پێوەرەکانی دادگاییەکی ئاشکرا، لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕووبەڕووی سزای سێدارە بوونەوە و گیانیان بەخت کرد.

لە ماوەی زیاترچوار دەیەی ڕابردوودا، دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی زنجیرەیەک کردەوەی دژی مرۆیی و جینایەتی سامناکی ئەنجام داوە. ئێعدامی بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی، کە بەشێکی دانەبڕاوە لە سیاسەتی سەرکوت و ترساندنی کۆمەڵگایە، کە بە بەرچاوی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤدا ئەنجام دراون. ئەو کارەساتش یەکێکە لەو برینانەی کە سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵانێکی زۆر، هێشتا وەک برینێکی قوڵ لە دڵی بنەماڵەکان و مێژووی نەتەوەکەماندا ماوەتەوە.

یەکێک لە خاڵە هەرە ئازاربەخشەکانی ئەم دۆسیەیە، شاردنەوەی ڕاستییەکانە. بەداخەوە، تا ئەم ساتەش، زانیارییەکی ورد و پشتڕاستکراو لەسەر شێوازی دەستگیرکردن، چۆنیەتیی دادگایی، ساتەکانی کۆتایی و شوێنی تەرمی ئەو قوربانییانە لەبەردەستدا نییە. ئەمەش خۆی لە خۆیدا پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافی مرۆڤە و درێژەدانە بە زوڵم و ستەم لە ڕێگەی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی هاووڵاتییان.

ئێمە لە ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرەڕای بەرزڕاگرتنی یادی ئەم شەهیدانە و چەماندنەوەی سەری ڕێز و نەوازش لە بەرانبەر قامەتی بەرزیان، ئەم یادکردنەوەیە بە ئەرکێکی ئەخلاقی و نەتەوەیی دەزانین. مێژوو نابێت بە بێدەنگی تێپەڕێت و دەبێت ڕاستییەکان بۆ نەوەکانی داهاتوو تۆمار بکرێن.

لێرەوە داوا لە بنەماڵەی سەربەرزی ئەو شەهیدانە و خەڵکی خاوەن هەڵوێستی کوردستان دەکەین، کە بۆ پاراستنی ئەم ئەرشیڤە مێژووییە و ڕوونکردنەوەی وێنەی ڕاستەقینەی ئەو جینایەتە، هاوکاریمان بکەن. هەر زانیارییەک، وێنەیەک، یان بیرەوەرییەک کە دەتوانێت وردەکاریی ژیان و کۆتایی هاتنی تەمەنی ئەم ئازیزانەمان ڕوون بکاتەوە، بۆ ئێمە گرنگە. با پێکەوە ڕێگری لە فەرامۆشبوونی ئەم لاپەڕە خوێناوییەی مێژووی کوردستان بگرین.

سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ئازادی

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

٢ی خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاوی

٢٤ی ئاگوستی ٢٠٢٦ی زاینیی