ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە دونالد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، گوشاری ئابووریی لەسەر تاران توندتر کردووەتەوە تا سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی ناچار بە تەسلیمبوون بکات.
لە کاتێکدا کەرتی دارایی و داھاتی نێوخۆیی ئێران تووشی زەبری توند بووەتەوە، ئاکسیۆس پێنج نیشانەی سەرەکیی داڕمانی ئابووریی ئەو وڵاتەی دیاری کردووە.
دابەزینی مێژوویی بەهای ڕیاڵ: بەهای دراوی ئێران گەیشتووەتە نزمترین ئاستی مێژوویی خۆی؛ بەجۆرێک لە ئێستادا بەهای هەر یەک دۆلاری ئەمریکا گەیشتووەتە ۲ ملیۆن و ۲۰ هەزار ڕیاڵ.
تۆمارکردنی هەڵاوسانی پێوانەیی: بەپێی ئامارەکانی سندووقی نێودەوڵەتیی پارە، ڕێژەی هەڵاوسان لە ئێراندا دەگاتە ٦۸.۹٪ کە بەرزترین ئاستە لە ساڵی ۱۹۷۹وە. هاوکات ناوەندی ئاماری ئێران بڵاوی کردووەتەوە کە هەڵاوسانی کەرتی خۆراک و خواردنەوەکان ١٢٨٪ی تێپەڕاندووە.
قورسبوونی بژێویی ژیانی هاووڵاتییان: بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان و دابەزینی بەهای دراو، هێزی کڕینی خەڵک بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ڕۆژانە و خۆراک بۆ بەشێکی زۆری هاووڵاتییان دژوار بووەتەوە.
داڕمانی هەناردەی نەوت: بەهۆی گۆشەگیری و گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکاوە، هەناردەی نەوتی ئێران بەتەواوی پەکیکەوتووە؛ بەجۆرێک بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئێران دانیان بەوەدا ناوە کە هەناردەی نەوتی وڵاتەکە بەرەو سفر بووەتەوە و چەندین میلیارد دۆلار زیانی دارایی بەدوای خۆیدا هێناوە.
داکەوتنی گەشەی ئابووری و لەدەستدانی هەلی کار: پێشبینییە ئابوورییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرهەمی ناپاقژی نێوخۆیی ئێران بەڕێژەی ٥.٤٪ کەم دەکاتەوە. ئەم پاشەکشە ئابوورییە بووەتە هۆی داخرانی شیرکەتەکان، بەرزبوونەوەی ئاستی بێکاری و دروستبوونی ڕێکودێکی قووڵ لە بازاڕەکاندا.
ئاکسیۆس لە کۆتاییدا نووسیوێتی کە سەرەڕای بوونی ئەو حاڵەتانەدا، نیشانەیەکی ئەوتۆ کە نیشان بدات کۆماری ئیسلامی تەسلیمی ویستەکانی ئەمریکا بێت بوونی نییە.