هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی شەپۆلێکی نوێی سزاکانی ئەمریکا بەسەر تاراندا، بەهای تمەنی ئێران تێكشکانێکی مێژوویی نوێی تۆمار کرد؛ بەجۆرێک لە ماوەی تەنیا یەک حەفتەدا دۆلاری ئەمریکا ١٠٪ و سکەی زێڕ ١٧٪ بەرزبوونەوەیان بەخۆوە بینی.
نرخی دۆلاری ئەمریکا لە بازاڕی ئازادی ئێراندا گەیشتە ۲۰٥ هەزار تمەن و سکەی ئیمامیش ئاستی ۲۲٤ میلیۆن تمەنی تۆمار کرد.
هاوکات هەریەک پۆندی بریتانیا لە بازاڕەکانی ئێراندا بە ۲۷۹ هەزار تمەن مامەڵەی پێوە کرا.
دۆلار لە ڕۆژی یەکشەممەوە ئاستی مێژوویی ۲۰٠ هەزار تمەنی تێپەڕاندبوو و ڕیکۆردێکی نوێی تۆمار کردبوو.
ئەمە لەکاتێکدایە لە سەرەتای ئەم حەفتەیەدا نرخی دۆلار لە دەوروبەری ۱۸٦ هەزار و ٥٠٠ تمەن و "سکەی ئێمامی"ش لە سنووری ۱۹۱ میلیۆن تمەندا بوو.
بەپێی ئەم ئامارانە، لە ماوەی تەنیا یەک حەفتەدا نرخی دۆلار بەڕێژەی نزیکەی ١٠ لەسەد و سکەش بەڕێژەی نزیکەی ۱۷ لەسەد گران بوون.
ئەم بەرزبوونەوە پێوانەییەی نرخەکان تەنیا ڕۆژێک دوای ڕاگەیاندنی سزاکانی نوێی ئەمریکا بەسەر ئێراندا هات.