کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا مۆڵەتەکانی ئاڵوگۆڕە وەرزشی و زانکۆییەکانی لەگەڵ ئێراندا هەڵپەسارد

15:19 - 3 خەرمانان 2726

نووسینگەی کۆنتڕۆڵی داراییە دەرەکییەکانی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا (ئۆفاک)، مۆڵەتە گشتییەکانی تایبەت بە چالاکییە وەرزشییەکان و ئاڵوگۆڕە زانکۆییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانی بۆ ماوەیەکی نادیار هەڵپەسارد.

بەپێی راپۆرتی ئۆفاک، بڕیارەکە لە ۲ی خەرمانانەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و چیتر ئەو مامەڵانە ڕێگەپێدراو نین.

ئەم بڕیارە بە تایبەتی "مۆڵەتی F" پەکدەخات کە پاڵپشتی لە ئاڵوگۆڕە وەرزشییە پیشەگەر و ئاماتۆرەکان دەکرد، هەروەها "مۆڵەتی G" کە ئاڵوگۆڕی زانکۆیی و هاوردە یان هەناردەی خزمەتگوزارییە پەروەردەیییەکانی لەخۆ دەگرت.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئۆفاک لە کۆی گشتیدا پێنج مۆڵەتی هەڵپەساردووە کە چالاکیی پەروەردەیی لە وڵاتانی سێیەم، خزمەتگوزاریی کۆنفرانسەکان و حەواڵە کەسییە ناپیشەییەکانیشی گرتووەتەوە.

ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەڵمەتی بەرفراوانی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا بەناوی "ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری."

وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا ڕایگەیاندووە، مەبەست لە هەڵپەساردنی ئەم مۆڵەتانە بەستنی ڕێگەکان بووە لەبەردەم حەواڵە داراییەکان و پچڕاندنی دەستڕاگەیشتنی ئێران بە سیستمی کلتووری و زانکۆیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.