کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری شەڕی ئەمریکا: لە بەرزترین ئاستی ئامادەباشیداین

08:44 - 12 گەلاوێژ 2726

پیت هێگست، وەزیری شەڕی ئەمەریکا، ئەمڕۆ دووشەممە ١٢ی گەلاوێژ، جارێکی تر پێداگریی لەسەر لێدوانەکانی دۆناڵد ترامپ کرد و ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەمریکا هێشتا لە دۆخی ئامادەباشیی تەواودان و بۆ هەر چالاكییەک ئامادەن.

هێگسێت جەختی کردەوە کە بڕیارەکەی ترامپ بۆ دواخستنی هێرش بۆ سەر ئێران، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئامادەیی سەربازیی ئەمریکا نەبووە.

هێگسێت لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی کە وەزارەتی شەڕی ئەمریکا هێشتا لە ئاستێکی ئامادەییدایە کە لە سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەمەوە تا ئێستا بێوێنە بووە و ئەرتەشی ئەمریکا بە تەواوی بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی ئامادەیە.

پێش ئەوە، ترامپ هەواڵی دەستپێکردنی خولێکی نوێی دانوستاندنی لەگەڵ نوێنەرانی ڕێژیمی ئێران ڕاگەیاندبوو؛ ئەو دانوستانانەی کە دوای بڕیارەکەی بۆ ڕاگرتنی کاتیی هێرشە بەرفراوانەکان دژی ڕێژیم بەڕێوە دەچن.

ترامپ ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە لە کۆبوونەوەی ڕۆژنامەوانیدا لە فڕۆکەی سەرۆکایەتیی ئەیرفۆرس وان ڕایگەیاند کە ئەم دانوستانە بڕیارە ڕۆژی دووشەممە بەڕێوە بچێت.

پێشتریش ترامپ ئاماژەی بەوە کردووە کە هێزەکانی واشنگتۆن لە ئامادەباشیی تەواودا بوون، بەڵام لەسەر داوای ئێران و چەند وڵاتێکی ناوچەکە بڕیاری ڕاگرتنی هێرشەکانی داوە.