کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ژنێکی نیشتمانپەروەر و حیزبدۆست لە سەرشیوی مەریوان

08:57 - 4 خەرمانان 2726

ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٥، دایە مەعسوومە سەعیدی ژنە تێکۆشەر و حیزبدۆستی ناوچەی سەرشیوی مەریوان، بەهۆی ڕاوەستانی دڵەوە لە تەمەنی ٧٨ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

دایە مەعسوومە ساڵی ١٣٢٦ لە بنەماڵەیەکی خۆشناو و نیشتمانپەروەری ئاوایی ئاگجە لە دایک بوو.

ناوبراو هەروەها کچی گەورەی بنەماڵەی حاجی تۆفێق و خوشکی شەهید قادر سەعیدی و دایکی ئەندامێکی حیزبی دێموکراتە.

برایەکی ناوبراو بە ناوی شەهید قادر سەعیدی سەرەتا لە هێزی زرێبار و پاشان لە هێزی ناوچەی سەقز تێکۆشانی خۆی دژی ڕێژیمی داگیرکەری ئاخوندی درێژە پێدا و بەداخەوە لە ساڵی ١٣٦٠ی هەتاویدا، شەهید دەبێت و دەچێتە ڕیزی کاروانی نەمرانی حیزب و گەلەوە.

پاش شەهیدبوونی شەهید قادر سەعیدی ئەرکی قورسی پەروەردەی منداڵەکانی تری بنەماڵە و خزمەتکردنی دایک و باوک دەکەوێتە ئەستۆی دایە مەعسوومە و وەک کچە گەورەی بنەماڵەکە و بەوپەڕی ماندوونەناسی و لەخۆبردووییەوە و بە بیرێکی کوردانەوە خزمەتیان دەکات.

هەروەها کوڕێکی ناوبراو بەناوی "ئیدریس ڕۆستەمی" سەرەتا دەبێتە ئەندامی تەشکیلاتی نهێنیی حیزب و پاشان لە ساڵی ١٣٨٥ی هەتاویدا پەیوەندی بە ڕیزەکانی حیزبەوە دەکات و دەبێنە پێشمەرگە و ئێستا لە دەرەوەی وڵات ئەندامی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبە.

دایە مەعسوومە خاتوونێکی قسەشیرین و بەبڕوا و کۆڵنەدەر بوو کە تاکوو ئەو کاتەی لە ژیاندا بوو، وەفادار بە ڕێبازی برا شەهیدەکەی و حیزبی دێموکرات مایەوە.

تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ئاواییەکانی سەرشیودا لە ئاوایی ئاگجە بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.