ڕۆژی دووشەممە ٢ی خەرمانانی ١٤٠٥، کاک عومەر ئەمینی ئەندامی دێرین و بەوەفای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، خەڵكی ئاوایی نۆبار سەر بە ناوچەی پیرمحەممەدی شاری بۆكان، کۆچی دوایی کرد.
كاك عومەر لە ساڵی ٥٩وە وەک ئەندامێكی دڵسۆز و حیزبخۆشەویست پێوەندی بەحیزبەوە گرت و هەموو کات وەک ئەندامێكی چالاک و هەڵسووڕ ئەركە حیزبییەكانی بەجێ دەگەیاند.
هەروەها بنەماڵەی ناوبراو بنەماڵەیەكی حیزبی و پێشمەرگەخۆشەویست و نیشمانپەروەر بوون و لە دەیەی ٦٠ی هەتاویدا، ماڵی مام عەلی جێگای حەسانەوەی كادر و پێشمەرگەكانی كۆمیتە شارستانی بۆكان و هێزی ١١٠ ی بەیان بووە.
هەموو ئاواتێکی ناوبراو ئازادیی گەل و نیشتمانەکەی بوو و هەتا دوایین هەناسەکانی وەفادار بە ڕێبازی پڕسەروەریی حیزبی دێموکرات مایەوە.
تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەی پیرمحەممەد و ئاوایی نۆباردا بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.