کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فۆکۆسی ئەمریکا لەسەر گەمارۆی دەریایی و ڕاگرتنی کاتیی هێرشە سەربازییەکان

09:44 - 4 خەرمانان 2726

ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" لەزاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاوی کردەوە، مارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە هاوتا ئاستبەرزەکانی ڕاگەیاندووە لە ئێستادا چاوەڕوان ناکرێت واشنگتۆن هێرشی سەربازیی نوێ بۆ سەر ئێران دەست پێبکات.

لە بەرانبەردا، فۆکۆسی ئەمریکا لەسەر چڕکردنەوەی گەمارۆی دەریایی و سەپاندنی سزای ئابووریی نوێ لە ڕێگەی وەزارەتی خەزێنەداری دەبێت وڵاتەکەیەوە دەبێت.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، واشنگتۆن پێیوایە بە هۆی گەمارۆ دەریاییەکان و پاککردنەوەی گەرووی هۆرمۆز لە مین، یەکێک لە گرنگترین کارتەکانی گوشاری تارانی لەنێو بردووە و ناردنی نەوتی بۆ بازاڕەکانی جیهان بەردەوام کردووە. ئەمەش وای کردووە ئێران لە داهاتە گرنگەکانی بێبەش بێت و لە دوو حەفتەی ڕابردوودا هیچ نەوتهەڵگرێک لە دوورگەی خارک نەبینراوە.

تامی پیگۆت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش بە ئاکسیۆسی ڕاگەیاند: "ئابووریی ئێران لە داڕمانی خێرادایە و ئەرتەشی ڕێژیم بەتەواوی لاواز بووە."

ناوبراو هەروەها زیادی کرد: "ئێمە سەرقاڵی بڕینی تەواوی شادەمارە داراییەکانی ڕێژیمین."

بەرپرسانی ئەمریکا ئاماژەیان بەوەش کردووە کە بەدوورگرتنی بژارەی سەربازی لە ئێستادا بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەگەر تاران هێرش بکات، وڵامدانەوەی چەکداری ڕەت ناکرێتەوە.

هەروەها جەختیان کردەوە پێشبینی دەکرێت ئەم سیاسەتی گوشارە ئابوورییە تا دوای هەڵبژاردنەکانی نێوەڕاستی خول بەردەوام بێت و دوای ئەوە ڕەنگە کارزاری سەربازی بگەڕێتەوە سەر مێز.