کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێسێنت: دانپێدانانی تاران بە قەیرانی ئابووری نیشانەی کاریگەریی گوشارەکانی ئەمریکایە

11:08 - 4 خەرمانان 2726

سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداری ئەمریکا ڕایگەیاند تاران لە نێوەڕاستی ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووریدا، دان بە کاریگەریی زیادبوونی گوشاری ئابووریی واشنگتۆندا دەنێت.

بێسێنت لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نوسیویەتی: "سەرکردەکانی ئێران دان بە ڕاستییەکدا دەنێن کە ئێستا بۆ تەواوی جیهان ئاشکرایە: گوشارەکان کاریگەر بوون."

ناوبراو ئاماژەی بە قسەکانی مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ڕێژیم کرد کە دانی بە کەموکۆڕییە ئابوورییەکاندا نابوو و وتبووی: "دەبێت شەڕ لە قۆناغێکدا کۆتایی پێبێت."

وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا هەروەها ئاماژەی بە قسەکانی محەممەدباقر قاڵیباف، سەرۆکی مەجلیسی ئێران کرد کە ڕاشکاوانەتر وتبووی: "هەرچەندە دەسەڵاتی سەربازیمان هەبێت، ئەگەر خەڵک برسی بن و سووڕی دارایی، گەشەی ئابووری و بەرهەمهێنانی نێوخۆییمان نەبێت، خۆڕاگر نابین."

بێسێنت جەختی کردەوە: "لە سەردەمی سەرۆککۆماریی ترامپدا، وەزیری خەزێنەداری لە بڕینی هەر شادەمارێکی ئابووری کە ئەم ڕێژیمەی بەپێوە هێشتووەتەوە، بەردەوام دەبێت."

واشنگتۆن بە ئامانجی پچڕاندنی پەیوەندیی تاران لەگەڵ ئابووریی جیهان، ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی دەست پێکردووە و وڵاتان و کۆمپانیا بیانییەکانی لە ئاکامی بەردەوامیی هاوکارییە داراییەکانیان لەگەڵ ئێران ئاگادار کردووەتەوە.