سەرهەڵدانی دووبەرەکی و کێشە قووڵە نێوخۆییەکانی نێو کۆماری ئیسلامیی ئێران زیاتر لە هەموو کاتێک ئاشکرا بووە.
لە نوێترین حاڵەتدا، مەحموود نەبەویان، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی میللیی مەجلیسی ڕێژیم لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، بە توندی هێرشی کردە سەر عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ڕێژیم و بە سەرپێچیکردن لە فەرمانی ڕاستەوخۆی موجتەبا خامنەیی تۆمەتباری کرد .
نەبەویان وتوویەتی کە عێراقچی بەپێی کامە مۆڵەت و ڕێگەپێدان سەرپێچیی لە بڕیاری موجتەبا خامنەیی کردووە کە جەختی لەسەر قۆرغکردنی بەڕێوەبردنی گەرووی هۆرمۆز لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەکردەوە.
ناوبراو لە درێژەی هێرشەکانیدا بۆ سەر وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە بۆچی وەزیری دەرەوە بەبێ ڕەچاوکردنی تێبینییە ئەمنییەتییەکان، بەستینی بۆ مەحکومکردن و دروستکردنی کۆدەنگیی نێودەوڵەتی دژی کۆماری ئیسلامی ڕەخساندووە.
ئەم ناکۆکییە تەنیا حاڵەتێکی ئاسایی نییە، بەڵکوو لە ماوەی ڕابردوودا درزی زۆر قووڵتر لە ناوەندی بڕیاردانی ڕێژیمدا دەرکەوتوون.
لەلایەکەوە باڵی توندڕەو و فەرماندەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران بەردەوام هێرش دەکەنە سەر دیپلۆماتکارانی دەوڵەت و دیپلۆماسی بە پاشەکشە و دۆڕان لە بەرانبەر ئەمریکادا لەقەڵەم دەدەن.
لەلایەکی دیکەوە دژایەتیی جیددی لە نێوان بڕیاری توند و بێ سازشی توندئاژۆکان لەگەڵ بەڵێنە ناوچەییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمدا دروست بووە کە ئاماژەیە بۆ نەبوونی یەکگرتوویی لە بڕیارە ستراتێژییەکانی تاراندا.