بەیاننامەی حەفتەی سەد و سی و پێنجەمی کەمپەینی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" ڕەهەندە مەترسیدارەکانی سەپاندن و جێبەجێکردنی حوکمی سێدارە لە ئێران ئاشکرا دەکات.
بەپێی ئامارەکان، لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٥ەوە ۳۷۸ کەس و لە دەستپێکی دەوڵەتی پزیشکیانیشەوە زیاتر لە ٤ هەزار کەس لە سێدارە دراون.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە دەستێوەردانی ئۆرگانە ئەمنییەتییەکان لە دەزگای دادوەری زیادی کردووە و تۆمەتباران لە مافی هەبوونی پارێزەری سەربەخۆ بێبەش کراون.
لە حەفتەی ڕابردووشدا جێبەجێکردنی سزای سێدارە و دەرچوونی حوکمی نوێ بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە
دوو بەندکراوی سیاسیی ناڕەزایەتییەکان بە ناوەکانی قائێم حوسێنی لە بەندیخانەی ئێسفەهان و مەجید ئادینە لە بەندیخانەی کەرەج لە سێدارە دران.
هاوکات حوکمی سێدارە بۆ چەندین بەندکراوی دیکە، لەوانە ئەرغەوان فەلاحی لە بەندیخانەی ئێڤین و ڕەسووڵ ڕەزایی لە بەندیخانەی وەکیلئابادی مەشھەد دەرچووە یان پشتڕاست کراوەتەوە.
لە وڵامی ئەم سیاسەتانەدا، بەندکراوانی ٦١ بەندیخانەی ئێران بە مانگرتن لە خواردن، چوونەتە ڕیزی کەمپەینەکەوە و داوای پشتیوانیی کۆمەڵایەتی بۆ ڕاگرتنی ماشینی کوشتاری ڕێژیم دەکەن.