کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڵاوکردنەوەی ئامارەکانی هەژاری کرایە بابەتێکی ئەمنییەتی

16:57 - 4 خەرمانان 2726

ڕێژیمی ئێران لە بڕیارێکی نوێدا دۆسییەی ئاماری هەژاریی خەڵکی لە چوارچێوەی ئابووری دەرهێنا و کردییە دۆسییەیەکی بەتەواو ئەمنییەتی.

فاتمە موهاجێرانی، وتەبێژی دەوڵەتی پزیشکیان لە چاوپێکەوتنێکدا جەختی کردەوە کە بڵاوکردنەوەی ژمارەکانی تایبەت بە هەژاریی ڕەها، بەدخۆراکی و ئاستی دەستڕاگەیشتنی هاووڵاتییان بە خۆراک و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان "پێشگیری ئەمنییەتی" لەسەرە و ڕاگەیاندنیان بەبێ ئیزنی شۆرای باڵای ئەمنییەتیی میللی قەدەغەیە.

ئەم هەنگاوە بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکات کە دەسەڵاتدارانی تاران باری دارایی و بژێویی خەڵکیان وەک هەڕەشەیەکی ئەمنییەتی بۆ سەر مانەوەی خۆیان بینیوە.

بە ئەمنییەتیکردنی ئەم داتایانە لەکاتێکدایە کە ئامارە ناڕاستەوخۆکانی دیکەی ناوەندە حکوومەتییەکان قووڵایی داڕمانی توانای کڕینی خەڵک دەردەخەن.

جێگری وەزیری کار ئاشکرای کردووە کە ژمارەی منداڵانی تووشبوو بە بەدخۆراکی کە پێویستیان بە سەبەتەی خۆراکی بەپەلەیە، گەیشتووەتە ۲۶۲ هەزار منداڵ و ژمارەی دایکانی دووگیان و دایکانی شیردەر کە پێویستییان بە هاوکاری و پشتیوانی هەیە بۆ ۲ میلیۆن کەس بەرز بووەتەوە.

ئەم هەڵکشانەی ڕێژەی برسییەتی و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان وای کردووە ڕێژیم لە بڕیارێکی ئەمنییەتییدا شاردنەوەی ڕاستییەکان بکاتە ئامرازی سەرەکیی کۆنتڕۆڵکردنی ئەمنییەت.

لە کاتێکدا هەڵاوسانی خاڵبەخاڵی مانگی پووشپەڕ ٨٧.٩٪ و گەشەی نرخی خۆراک ١٢٨.١٪ی تێپەڕاندووە، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لەجیاتی دۆزینەوەی ڕێگەچارەی ئابووری، پەنایان بۆ ئەمنییەتیکردنی ئامارەکان بردووە تا ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی ئاستی ڕاستەقینەی کارەساتەکە بگرن.