دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە دوای ئەوەی بەرپرسانی عەرەبستان، ئیمارات و ئێران لە واشنگتۆن داوایان کردووە دەرفەتێکی دیکە بە دیپلۆماسی بدرێت، هێرشە داڕێژراوەکەی وڵاتەکەی بۆ سەر ئێران لە دوا ساتەکاندا هەڵوەشێندراوەتەوە.
ترامپ ڕایگەیاند لە کاتی گەیشتنی داواکارییەکەدا، ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی گەورەترین هێرشی سەربازی لە دوای شەڕی جیهانیی دووەمەوە بۆ سەر ئێران تەواو بووبوون.
سەرۆککۆماری ئەمریکا وتی: "عەرەبستان، ئێمارات و ئێران داوایان لێکردم هێرشەکە ڕابگرم، چونکە بڕوایان وایە ڕێککەوتنێک لەئارادایە. دیارە ئەوان نایانەوێت هێرشیان بکرێتە سەر، ئەم هێرشە بۆ ئێران کارەساتبار دەبوو."
ترامپ ئاماژەی بەوەش کرد کە دانوستانەکان بۆ نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە دیاریکراون و جەختی کردەوە ڕێککەوتنێک بەسەر گەرووی هۆرمۆز و داماڵینی ئەتۆمیی ئێران نزیکە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئاماژەی بە هەبوونی بۆچوونی جیاواز لە نێوخۆی ڕێژیمی ئێراندا کرد.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترامپ باس لە هەڵوێستی محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنەشینی عەرەبستانی کرد و وتی: "عەرەبستان دانوستان باشتر لە هێرشی سەربازی دەزانێت، چونکە نازانرێت زەبرە سەربازییەکان لە کوێدا تەواو دەبن؛ لەوانەیە ببنە هۆی ئاوارەبوونی خەڵک و کارەساتی مرۆیی لە ناوچەکەدا."