پلانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ تێرۆرکردنی "یائیر نێتانیاهوو"، کوڕە گەورەی بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە ویلایەتی فلۆریدا پووچەڵ کرایەوە.
کاناڵی "نیوزمەکس" لە سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئەمنییەتیی ئەمریکاییەوە ڕایگەیاند کە دەزگای زانیاریی ئیسرائیل لە مانگی دێسامبری ڕابردوودا بەم پیلانەی زانیوە و بەرپرسانی ئەمریکای لێ ئاگادار کردووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، دەستوپێوەندەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەی مەیامی ئامادەییان هەبووە و شوێنی نیشتەجێبوون و هاتوچووەکانی یائیر نێتانیاهوویان لە هالاندیل بیچ خستبووە ژێر چاوەدێرییەوە.
دوای وەرگرتنی ئاگادارکردنەوەی بەپەلەی ئەمنییەتی، یائیر بەبێ کۆکردنەوەی کەلوپەلە تایبەتییەکانی مەیامیی جێهێشتووە و گەڕاوەتەوە بۆ ئیسرائیل.
پێشتر بێنیامین نێتانیاهوو لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کاناڵی ۱۴ی ئیسرائیل ئاشکرای کردبوو کە ئێران هەوڵی داوە یەکێک لە کوڕەکانی بکوژێت، بەڵام ناوی نەهێنابوو.
کاناڵی ۱۲ی ئیسرائیلیش ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم کەیسە ماوەی چەندین مانگ بوو لای ڕاگەیاندنەکان زانرابوو، بەڵام بەهۆی سانسۆری سەربازییەوە ڕێگە بە بڵاوکردنەوەی وردەکارییەکانی نەدەدرا.