کۆمیتەی ئینزیباتی زانکۆی شیراز لە درێژەی سیاسەتی سەرکوتکردن و کپکردنەوەی دەنگی سەربەخۆی ناوەندە زانستییەکاندا، نزیکەی ۲۰ خوێندکاری بانگ کردووە و دۆسییەی سزادانی بۆ پێکهێناون.
بەپێی ڕاپۆرتی کاناڵی "دانشجویان متحد" و هەواڵدەریی "هێرانا"، دەزگا ئەمنییەتییەکانی زانکۆ تۆمەتی باوی وەک "سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان" و "سووکایەتیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی"یان داوەتە پاڵ ئەم خوێندکارانە؛ سەردێڕی ئەو تۆمەتە ناڕوون و دوور لە ڕاستییانەی که هەمیشە وەک ئامرازێک بۆ سزادانی سیاسی و بێدەنگکردنی ڕەخنەگران لە زانکۆکاندا بەکار دێن.
ئەم سنوردارکردن و گوشارانەی ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە کاتێکدایە کە زانکۆکانی کوردستان و ئێران، دوای ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤، ببوونە مەڵبەندی سەرەکیی بەرەنگاربوونەوە و داواکاریی ئازادی.
لایەنە ئەمنییەتییەکان بە بێ خستنەڕووی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی یان ئاشکراکردنی پرۆسەی پێڕاگەیشتنەکە، هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی دروستکردنی کەشی ترس و تۆقاندن، پێش بە هەرجۆرە جووڵەیەکی مەدەنی و ئاکادێمی بگرن.
شایانی باسە کە گوشاری سیستماتیک بەسەر خوێندکاراندا بەردەوامە و لەو ماوەیەدا دەیان خوێندکار لە زانکۆکانی ئێران بانگی کۆمیتە ئینزباتییەکان کراون یان لە خوێندن دوور خراونەتەوە.