بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ژمارەی لەسێدارەدانەکان لە سەرەتای ساڵی زایینییەوە تا ڕۆژی چوارشەممە، ٤ی خەرمانان گەیشتووەتە ۵۰۰ کەس.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ڕێکخراوە، لە دەستپێکی ساڵی ۲۰۲۶ـەوە تا ئێستا لانیکەم ۵۰۰ کەس لە ئێراندا لە سێدارە دراون کە ۱۶ کەسیان ژن بوون.
هاوكات ئامارە گشتییەکانی ڕێکخراوەکە دەریانخستووە کە لە سەرەتای ساڵی ۲۰۱۰ەوە تا ئێستا ۱۰ هەزار و ۹۴۳ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون؛ لەم ژمارەیە ۳۰۵ کەسیان ژن و ۷۱ کەسیشیان تەمەنیان لەژێر ۱٨ ساڵدا بووە.
لەلایەکی دیکەوە، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لانیکەم ۵۶ کەس بە تۆمەتی سیاسی و ئەمنییەتی لە سێدارە دراون کە ۲۷ کەسیان پەیوەندیدار بە ناڕەزایەتییەکان بوون.
شەپۆلی ڕەشبگیری و جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدان لە ئێران لەکاتێکدا بەردەوامە کە حەفتەی ڕابردوو زیاتر لە ۳۰ وڵاتی جیهان دەرکردن و جێبەجێکردنی ئەم حوکمانەیان دژی ناڕازییان مەحکووم کرد و ڕایانگەیاند کە کۆماری ئیسلامی حوکمی لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ "کپکردنی دەنگی نەیاران"ی خۆی بەکار دێنێت.