هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە درێژەی سیاسەتی وێرانکردن و لەنێوبردنی ئەنقەستی سروشتی کوردستاندا، دەستیان بە بەڕێوەبردنی مانۆڕێکی سەربازی لە ناوچە جیاوازەکانی بناری چیاکانی شاهۆی سەر بە کامێران کردووە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، هێزەکانی ڕێژیم لە ڕێگەی بڵندگۆی گوندەکانی بناری شاهۆوە ڕایانگەیاندووە کە بۆ ماوەی حەفتەیەک مانۆڕی سەربازی بەڕێوە دەبەن.
ئەو هێزانەی ڕێژیم بە توندی هۆشدارییان داوەتە کە خەڵک سەردانی چیاکانی شاهۆ نەکەن و ڕەنگە لەو ماوەیە دەست بە تۆپبارانی ئەو ناوچەیە بکەن.
هەروەها هەڕەشەیان لە خەڵک کردووە کە هەر کەسێک لەو ماوەیە سەردانی شاهۆ بکات، ئەمنییەتی گیانی پارێزراو نابێت و و ئەوانیش لە بەرانبەر گیانی ئەو کەسانە بەرپرسیار نابن.
سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاند کە ڕێژیم لەژێر ناوی ئەو مانۆڕانە هەوڵی تێکدان و ئاگربەردانی سروشتی ناوچەکە دەدات.
هاوکات لە تاریکی شەودا، زیاتر لە ۱۰ ماشینی سەربازیی هەڵگری هێز و کەرەستەی سەربازی لە ئاوایی "تیلەکۆ"وە بەرەو چەمی "دووئاوان" ڕەوانە کراون و هێزەکانیان لە دەوروبەری پردی "دووئاوان" جێگیر کراون.
هێزەکانی ڕێژیم لەژێر ناوی مانۆڕی سەربازیی یەک حەفتەییدا لە بناری شاهۆ، کەشێکی ئەمنییەتییان بەسەر ناوچەکەدا سەپاندووە و ڕێگەیان لە هاتوچۆی هاووڵاتییان گرتووە.