نیۆیۆرک پۆست لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە کۆمەڵێک لە نەیارانی ڕێژیمی ئێران لە تاران باس لەوە دەکەن کە ئەم وڵاتە لە پاش بەردەوامبوونی لەسێدارەدانە ئاشکراکان، قەیرانی لەڕادەبەدەری ئابووری و درێژەدان بەو شەڕەی کە زیاتر لە ٥ مانگە دەستی پێکردووە، لە خاڵی تەقینەوە نزیک بووەتەوە.
ڕۆژنامەی نیۆیۆرک پۆست بە پشتبەستن بە لێدوانی یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی ناڕەزایەتییەکانی تاران نووسیویەتی: "شۆڕش ڕەنگە هەر ڕۆژێک ڕوو بدات؛ خەڵک بەدوای تۆڵەسەندنەوەدان".
نیۆیۆرک پۆست ڕایگەیاندووە کە ڕۆژنامەنووسێکی سەربەخۆ کە لە تۆڕێکی نهێنیی ئۆپۆزیسیۆن لە نێوخۆی ئێراندا چالاکی دەکات، بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئامادەکارییەکان بۆ هەستانەوەیەکی نوێ هەر لە ئێستاوە دەستی پێکردووە و چالاکانی چین و توێژە جیاوازەکان بۆ لێدان و ناڕەزایەتییەکی یەکلاکەرەوە ئامادەکاری دەکەن.
بە وتەی ناوبراو، چالاکانی مەدەنی خەریکی لێکۆڵینەوە لە ئەزموونی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار بۆ هەڵسەنگاندنی تاکتیکە سەرکەوتوو و سەرکوتکراوەکانن و لە هەمان کاتدا بە شیکردنەوەی نەخشەی شارەکان، شوێنە بێ مەترسی و مەترسیدارەکان بۆ ناڕەزایەتیی داهاتوو دیاری دەکەن.
قەیرانی ئابووری، پێشێلکارییە زەقەکانی مافی مرۆڤ، نەبوونی ئازادیی ڕادەربڕین، چەقبەستوویی دەسەڵات، نەبوونی ئازادیی تاکەکەسی، مێلیتاریزەکردنی شارەکان، کپکردنی هاواری ناڕازییان، سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان، گەندەڵیی ئابووری، هەڵاواردنی ڕەگەزی، نەتەوەیی، سیاسی و ژینگەیی و دەیان قەیران و کێشەی دیکە خەڵکی ئێران و نەتەوە بندەستەکانی وەزاڵە هێناوە و ئەوەش چەندین شۆڕش و ناڕەزایەتیی گەورەی وەک خەزەڵوەری ٩٨، شۆڕشی ژینا و ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکەی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردووی لێ کەوتووەتەوە.