ڕۆژی چوارشەممە ٤ی خەرمانانی ۱٤۰٥، دوو ئەندامی چالاک و هاوڕێی دێرین و دڵسۆزی حیزب، بە ناوەکانی کاک حەمدی میرانی و کاک علی باقری ناسراو بە "عەلی کاڵێ" لە ڕووداوێکی هاتوچودا لەسەر ڕێگای مەریوان ـــ سەوڵاوا کۆچی دواییان کرد.
کاک حەمدی میرانی ساڵی ۱۳٥٥ لە ئاوایی قەڵاگا سەر بە ناوچەی شامیانی سەوڵاوای مەریوان لە دایک بووە و لە ساڵی ٨٣وە پێوەندیی تەشکیلاتیی بە حیزبەوە گرتووە و وەک ئەندامێکی هەڵسووڕ ئەرکە نهێنییەکانی بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بەجێ گەیاندووە.
هەروەها کاک عەلی باقری ساڵی ۱۳٥٦ لە ئاوایی قەڵاگای سەر بە ناوچەی شامیان سەوڵاوای مەریوان لە دایک بووە و لە ساڵی ٧٧وە بووەتە ئەندامی نهێنیی حیزب و بەوپەڕی لێوەشاوەییەوە ئەرکە پێئەسپێردراوەکانی ڕاپەڕاندووە.
ناوبراوان لەو ئەندامە تەشکیلاتییانە بوون کە جێپەنجەیان بە تێکۆشانی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی شامیان و مەریوانە دیارە و پێکەوە وەک دوو هاوڕێی نزیک و دێرین لە خزمەتکردن بە دۆزی ڕەوای گەلەکەیان لە هیچ بەربەستێک سڵیان نەدەکردەوە.
تەرمی ئەم دوو هاوڕێیە لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی قەڵاگا و ناوچەی شامیاندا بە خاکی پیروزی نیشتمان سپێردران.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراوان دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.