دونالد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕایگەیاند کە هەم گوشاری ئابووری و هەم هێرشی سەربازی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران کاریگەرییان هەبووە و جەختی کردەوە وڵاتەکەی بۆ دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ تاران پەلەی نییە.
ترامپ لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا لەم ڕووبەڕووبوونەوەیەدا لە سەرکەوتنێکی گەورەدایە و ئابووریی ئێرانی بە داڕماو وەسف کرد.
هاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانانە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە بۆ کۆتاییهێنان بە مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامی خەریکی جێبەجێکردنی هەنگاوی کردارییە تا دوا کاناڵە داراییەکانی ئەو ڕێژیمە ببرێت.
ڕاگەیاندنی ئەم هەڵوێستانە هاوكاتە لەگەڵ دەستپێکردنی هەڵمەتێکی نوێی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا بە ناوی "ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری" کە بە فەرمانی ترامپ دەستی پێکردووە؛ تێیدا گەمارۆی نوێ بەسەر پێنج کەرتی دارایی دیجیتاڵی، تێکنۆلۆژی، زێڕ، فڕۆکەوانی و کەشتیوانیدا سەپێنراوە و هۆشداری دراوەتە هەر دامەزراوەیەک کە هاوکاریی سپیکردنەوەی پارە بۆ تاران بکات کە لە سیستەمی دۆلاری ئەمریکا دەردەکرێت.