ناوەندی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بریتانیا (UKMTO) ڕایگەیاند کە هێرش کراوەتەوە سەر نەوتهەڵگرێک لە گەرووی هۆرمۆز و بەهۆیەوە ئاگر لە بەشێکی کەشتییەکە کەوتووەتەوە.
ئەم ڕووداوە درەنگانی شەوی سێشەممە ٣ی خەرمانان ڕووی داوە و بەرپرسانی ناوچەیی ڕایانگەیاندووە کە ئاگرەکە دوای ماوەیەک کۆنتڕۆڵ کراوە و جەخت کراوەتەوە کە تەواوی خەدەمەی کەشتییەکە سەلامەتن و هیچ زیانێکی ژینگەییش نەکەوتووەتەوە.
نووسینگەی UKMTO داوای لە تەواوی کەشتییەکان کردووە بە وریاییەکی زۆرترەوە لە ئاوەکانی گەرووی هۆرمۆزدا هاتوچۆ بکەن و هەر جموجۆڵێکی گوماناوی ڕابگەیەنن.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدا ڕوو دەدات کە داتاکانی کۆمپانیای بەدواداچوونی کەشتیگەلی "کێپلێر" ئاماژە بە دابەزینی بەرچاوی هاتوچۆی دەریایی لەم ئاوڕێگە ستراتێژییەدا دەکەن؛ بە جۆرێک کە ڕۆژی سێشەممە تەنیا ۵ کەشتی لە گەرووی هۆرمۆز پەڕیونەتەوە، لە کاتێکدا کە نێونجیی ڕۆژانە ۱٥ کەشتی بووە.
پسپۆڕان هۆکاری ئەم کەمبوونەوەیە بۆ ناڕوونیی دۆخی ئەمنییەتی و کوژاندنەوەی بەئەنقەستی سیستەمی ڕاداریی کەشتییەکان لەلایەن بەشێک لە کاپیتانەکانەوە دەگەڕێننەوە.