کریس ڕایت، وەزیری وزەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە دەوڵەتی ترامپ لە ڕێگەی دانوستان و پشکنینەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمییەوە خوازیاری کۆتاییهێنان بە بەرنامەی چەکی ناوکیی کۆماری ئیسلامییە، بەڵام لە کاتی پێویستدا بۆ ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی تاران بە چەکی ناوکی کەڵک لە هێزی سەربازی وەردەگرێت.
وەزیری وزەی ئەمریکا جەختی کردەوە کە ئامانجی سەرەکیی واشنگتۆن ڕێگریکردن لە بوونی چەکی ناوکی لەدەستی کۆماری ئیسلامیدایە و وتی: "ئەگەر پێویست بکات ئەم کارە لە ڕێگەی ئامرازی سەربازی و بە لەنێوبردنی دامەزراوە ناوکییەکان و توانای پێشەسازیی ڕێژیمی ئێران ئەنجام بدرێت، ئەوەش ئەنجام دەدەین."
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمریکا ئامادەیە بۆ پەرەپێدانی وزەی ناوکیی مەدەنی و دابینکردنی سووتەمەنیی پێویست بۆ وێستگەکانی کارەبا هاوکاریی ئێران بکات، بە مەرجێک لە پیتاندن و بەرنامەی چەکی ناوکی بکشێتەوە، بەڵام جەختی کردەوە کە بە هەر ڕێگەیەک پێویست بێت ڕێگە لە دەستڕاگەیشتنی تاران بە چەکی ناوکی دەگرن.