بەپێی ڕاپۆرتی ڕیکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، دوو کرێکاری کورد و خەڵکی شارەکانی سەڵماس و بۆکان لە دوو شوێن و ڕووداوی جیاوازدا و بەهۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لەدەست دا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دوو کرێکاری کورد بە ناوەکانی مێهران ڕەسووڵی خەڵکی بۆکان و سەردار ڕەنجبەر خەڵکی سەڵماس بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەوە لە دوو ڕووداوی جیاوازدا گیانیان لەدەست داوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردپا، مێهران ڕەسووڵی لاوی کورد و خەڵکی بۆکان دوای ٤٠ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی شاری مەهاباد، بەهۆی برینی قورس بەهۆی داکەوتن کە بەرزاییەوە لە کاتی کار لە شاری سەردەشت گیانی لەدەست داوە.
هاوکات سەردار ڕەنجبەر، کرێکاری خەڵکی ئاوایی کۆروان سەر بە شاری سەڵماس لە کاتی کارکردندا لەسەر داربەست کەوتووەتە خوارەوە و بەهۆی سەختیی برینەوە گیانی لەدەست داوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هێرانا" لە ڕاپۆرتی مانگانەی خۆی لەسەر ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ئێران بۆ مانگی پووشپەڕی ١٤٠٥ لە بەشی مافی کرێکاراندا ڕایگەیاند کە ١٨ کرێکار بەهۆی نەبوونی ئیمەنیی شوێنی کارەوە گیانیان لەدەست داوە.
لەکاتێکدا کە کرێکاران لە هەژاری و گوشاری ئابووریی بێوێنەدان، ڕێژیم تەنانەت سەرەتاییترین پێداویستییەکانی پارێزراوبوون لەبەرچاو ناگرێ و شوێنی کاریان کردووەتە شوێنێکی مەترسیدار و مەرگهێنەر و مەرگی بەردەوام لە شوێنی کار نیشان دەدات کە لە کۆماری ئیسلامیدا، "مرۆڤ" کەمترین بایەخی هەیە و ئەوەی کە گرینگترە، درێژەی سووڕی بەرهەمهێنان بە هەر نرخێک، تەنانەت بە نری گیانی کرێکارانە.