بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە مافی مرۆییەکان، دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم، سزای لەسێدارەدانی بە سەر یەکێکی تر لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، بە ناوی حوسێن نەزەری خەڵکی مەشهەد سەپاند.
ئاژانسی هەواڵدەریی هێرانا، هەواڵی دەرکردنی سزای لەسێدارەدانی بۆ حوسێن نەزەری، هاووڵاتیی ٢٥ ساڵە و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ ڕاگەیاند.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لقی یەکی بەناو دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە مەشهەد لە بڕیارێکی ناڕەوا و نادادپەروەرانەدا، حوسێن نەزەریی بە سزای دژەمرۆیی سێدارە مەحکووم کرد.
ئەو هەواڵدەرییە لەوبارەوە نووسیویەتی: "ئەم بەندکراوە، تۆمەتی "پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەت و گرووپە نەیارەکانی ڕێژیم" و "کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بە مەبەستی تاوان دژی ئەمنییەتی وڵات"ی دراوەتە پاڵ.
لە ئێستادا هیچ وردەکاری و بەڵگەیەکی سەلمێندراو لەبارەی ڕاستیی ئەم تۆمەتانە و ڕەوتی لێکۆڵینەوەی دۆسییەکە نەخراونەتە ڕوو.
شایانی باسە هەتا ئیستا حوسێن نەزەری لە ڕەوتی بەدواداچوونی دۆسییەکەی و دەسبەسەرکرانیدا، لە مافی گرتنی پارێزەری هەڵبژێردراو بێبەش کراوە.
سپێهر ئەمیرزادە، ئەمیرحەسەن ئەکبەریمونفەرد، عەلی پیشەوەرزادە، عیسا چاری، ئەمیرمحەممەد موجەلەل چووبەری، ئێحسان خودادادی، ڕەسووڵ ڕەزایی، مێهدی (سیکان) ڕەوشەنی، ئەحەد شکووهیان، ئەرغەوان فەلاحی، پووریا حوسێنیمەفەرد و مێهنام نەوابسەفەوی لەو زندانییە سیاسییانەن کە لە حەفتەکانی ڕابردوودا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە یان سزاکانیان لە دیوانی باڵای ڕێژیمدا پەسەند کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی ٦٠ زندانیی سیاسی لەسێدارە دراون و دەیان کەسی تریش بە تۆمەتی سیاسی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.
لە یەکێک لە نوێترین حاڵەتەکاندا، ئاژانسی هەواڵدەریی میزان، سەر بە دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، ڕایگەیاند کە سزای لەسێدارەدانی مەجید ئادینە، لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، بەیانیی یەکشەممە یەکەمی سەرماوەز جێبەجێ کرا.
شایانی باسە کانادا و ٣٢ وڵاتی تر، لەگەڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، لە ٢١ی گەلاوێژدا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا لەسێدارەدانی ناڕەزایەتییەرەکان و بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە بە توندی مەحکوم کرد و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی لەسێدارەدانەکان و ئازادکردنی ئەو کەسانەیان کرد کە بەشێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کراون.