کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو: ڕێککەوتننامە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دڕندەی ئێراندا شیاوی جێبەجێکردن نییە

13:54 - 5 خەرمانان 2726

بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەرەڕای پشوازی لە هەوڵە نوێیەکانی گوشاری ئابووریی ئەمریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە ڕێککەوتننامەی دیپلۆماسی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دڕندەی ئێراندا شیاوی جێبەجێ کردن نییە.

بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە وتارێکدا ئاماژەی بە دیدارەی نوێی لەگەڵ دوناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند: "لەو دیدارەدا سێ بژاردەی دانوستان و هێرشی سەربازی و گەمارۆ و گوشاری ئابووری دژی کۆماری ئیسلامی تاوتوێ کراوە".

ناوبراو سەبارەت بە ئەگەری ڕێککەوتننامە ڕایگەیاند:"بە ترامپم وتووە گومانم هەیە بتوانرێت لەگەڵ ئەو دڕندانەی کە فەرمانڕەوایی ئێران دەکەن ڕێککەوتننامە بکرێت".

نێتانیاهوو لە هەمان کاتدا پشتگیری لە سەپاندنی گوشاری لەڕادەبەدەری ئابووریی دەوڵەتی ئەمریکا دژی ئێران کرد و وتی: "بەبۆنەی شێوازی نوێی سزادانی ڕێژیمی ئێرانەوە سپاسی سەرۆککۆماری ئەمریکا دەکەم".

سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا لە ڕۆژانی ڕابردوودا، دەستپێکردنی هەڵمەتێکی نوێی ئابووریی توندی بە ناوی "ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری" بەرانبەر کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگەیاند.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ڕێکارە نوێیانە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرۆککۆمار دوناڵد ترامپ دەستیان پێکردووە و ئامانجی سەرەکییان بڕینی تەواوی شادەمارە ئابوورییەکانی تاران، گۆشەگیرکردنی ڕێژیم و ناچارکردنی وڵاتانی جیهانە لە نێوان هەڵبژاردنی مامەڵەی ئابووری لەگەڵ ئێران یان دەستڕاگەیشتن بە سیستەمی دارایی ئەمریکا.

بێسێنت لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نوسیویەتی: "سەرکردەکانی ئێران دان بە ڕاستییەکدا دەنێن کە ئێستا بۆ تەواوی جیهان ئاشکرایە: گوشارەکان کاریگەر بوون."

ناوبراو ئاماژەی بە قسەکانی مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ڕێژیم کرد کە دانی بە کەموکۆڕییە ئابوورییەکاندا نابوو و وتبووی: "دەبێت شەڕ لە قۆناغێکدا کۆتایی پێبێت."