کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل لە سزادانی تێرۆریستانی حەماس و لەنێوبردنی ژیرخانەکانیان بەردەوامە

13:57 - 5 خەرمانان 2726

بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەرتەشی ئیسرائیل، لە ماوەی یەک حەفتەی ڕابردوودا، چەندین فەرماندەی باڵای گرووپی تێرۆریستیی حەماس سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کردووەتە ئامانج و چەندین کۆگای چەکوچۆڵی و سەکۆی مووشەکییانی لەنێو بردووە.

ئەرتەشی ئیسرائیل و شاباک رۆژی دووشەممە ٢ی خەرمانان ڕایانگەیاند کە لە چەند هێرشێکدا لە ناوچە جیاجیاکانی غەززە پێنج کۆگای چەکوچۆڵ و سەکۆیەکی مووشەکیی سەر بە ڕێکخراوی تێرۆریستیی حەماسیان کردووەتە ئامانج.

بە وتەی شاباک و ئەرتەشی ئیسرائیل، ئەو کۆگایانەی کە کراونەتە ئامانجی مووشەک، چەکی گەرم، ماددەی تەقینەوە، نارنجۆک و کەرەستەی تری شەڕیان بەمەبەستی پێشخستنی پیلانە تێرۆریستییەکان دژی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە تێدا ڕاگیرابوو.

شایانی باسە ئەو کۆگایانە لە نزیک ژێرخانی مرۆییەکانی غەززە وەک مزگەوت، نەخۆشخانە و دامەزراوە مەدەنییەکان لەلایەن ئەو گرووپەوە جێگیر کراوبوون.

ئەرتەشی ئیسرائیل و شاباک هەروەها لە هێرشێکی دیکەدا، لە ناوچەکانی شاتی و دێرەبەیلەحی غەززە بە شێوەیەک ئامانجدار هێرشیان کردە سەر دوو کۆگای دیکەی چەکوچۆڵی حەماس کە دەیان چەکی جۆری کڵاشینکۆف و کەرەستەی سەربازی تری تێدا هەڵگیرابوون.

هەروەها ئەرتەشی ئیسرائیل کوژرانی تێرۆریست محەممەد عەبدولناسر جەبەر ئەبوو ئەسەد، سەر بە گرووپی چەکداری حەماسی ڕاگەیاند.

ئەو تێرۆریستە لە هێرشی ٧ی ئۆکتۆبر و کوشتاری خەڵکی ئاسایی ئیسرائیلدا ڕۆڵی هەبووە.

ئەرتەشی ئیسرائیل لە ناوچەی خان یوونس لە باشووری غەززە، فەرماندەیەکی دیکەی دەستەی نوخبە سەر بە باڵی سەربازیی حەماسی کردە ئامانج کە لە ڕەوتی کۆمەڵکوژییەکەی ٧ی ئۆکتۆبردا دەستی باڵای هەبووە.

ئەرتەشی ئیسرائیل و شاباک هەروەها لە ناوچەی مەغازی لە غەززە هێرشێکیان ئەنجام دا کە تێیدا تێرۆریست ئیسماعیل ئەبووفوول فەرماندەی ناوەندی بەرهەمهێنانی چەکوچۆڵی سەربازیی ستادی بەرهەمهێنانی ڕێکخراوی تێرۆریستیی حەماسیان لەنێو برا.

بە وتەی ئەرتەشی ئیسرائیل، ئەم تێرۆریستە ڕۆڵێکی چالاکی لە بەرهەمهێنانی ماددەی تەقینەوە و مووشەکی دژەزرێپۆشدا هەبووە.

گرووپی تێرۆریستیی حەماس سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە یەكێک لە مەترسیدارترین ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و جیهان بە ئەژمار دێت کە لە ڕێگەی بە ئامانجگرتنی خەڵکی ئاسایی و بە بەبارمەتەگرتنی خەڵکی ئاسایی غەززە دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئەو ناوچەدا سەپاندووە.