کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بلومبێرگ: ئەمریکا هەوڵی چالاککردنەوەی دادگای دەستکەوتەکانی شەڕ بۆ زەوتکردنی نەوتهەڵگرەکانی ئێران دەدات

14:00 - 5 خەرمانان 2726

وەزارەتی دادی ئەمریکا سەرقاڵی جێبەجێکردنی ڕێکارە پێویستەکان بۆ چالاککردنەوەی دادگایەکی دەریایی کۆن بە ناوی "دادگای دەستکەوتەکانی شەڕ"، بە ئامانجی ئاسانکاری لە پرۆسەی دەسبەسەرداگرتنی نەوتهەڵگرەکانی هەڵگری نەوتی ئێران لەلایەن هێزە سەربازییەکانی ئەمریکاوە و زەوتکردنیان وەک دەستکەوتی شەڕ.

هەواڵدەریی "بلومبێرگ" بە پشتبەستن بە سێ سەرچاوەی ئاگادار لە بەرنامەکانی واشنگتۆن ڕایگەیاندووە، ئەم جۆرە دادگایە بۆ چەندین دەیەیە هیچ چالاکییەکی نەبووە و پێشبینی دەکرێت خستنەگەڕییەوەی رووبەڕووی ئاستەنگی یاسایی ببێتەوە.

دەوڵەتی ئەمریکا دەیەوێت ئەم مێکانیزمە بۆ بەهێزکردنی گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئێران و هاوکات قەرەبووکردنەوەی بەشێک لە تێچووە سەربازییەکان بەکار بێنێت.

پێشتر بەرپرسانی ئەمریکا ئەم بیرۆکەیەیان خستبووە ڕوو کە ئەو زیانانەی کۆماری ئیسلامی بە دامەزراوە و کەشتییە نەوتییەکان گەیاندووە، دەکرێت لە سەرچاوە داراییە دەسبەسەرگیراوەکانی خۆی بدرێتەوە.