ڕاگەیاندنەکانی ئەمریکا بڵاویان کردەوە کە جان ڕێتکلیف، بەرپرسی دەزگای زانیاریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA)، لە سەردانێکی ڕانەگەیەندراودا بۆ مۆسکۆ، هۆشداری داوەتە ڕووسیە لە پەلاماردانی وڵاتانی ناوچەی بالتیک و داوای لێکردووە پشتگیرییە سەربازی و ئابوورییەکانی بۆ ڕێژیمی ئێران کەم بکاتەوە.
کاناڵی "سیبیئێس نیوز" لەزاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە ڕایگەیاند کە ڕێتکلیف پرسی کۆماری ئیسلامیی خستووەتە ڕوو و هۆشداریی داوە ئەگەر هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هۆرمۆز دەست پێ نەکاتەوە، سزای زیاتر بەسەر ڕێژیمی ئێراندا دەسەپێندرێت.
هەروەها ڕێکخراوی پولیتیکۆ ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم کۆبوونەوەیە بە پلەی یەکەم بۆ هۆشداریدان بووە بە مۆسکۆ تا خۆ لە هەر جۆرە کارێکی گرژکەرەوە دژی هاوپەیمانانی ئەمریکا لە ناتۆ بپارێزێت.
ئەم سەردانەی ڕێتکلیف یەکەم سەردانی بەرپرسی CIA بۆ مۆسکۆ لە دەوری دووەمی سەرۆککۆماری دوناڵد ترامپە.
ئەم هۆشدارییە نوێیە لەکاتێکدایە کە ڕووسیە لە حەفتەکانی ڕابردوودا هەڕەشەکانی بۆ سەر وڵاتانی ئەندامی ناتۆ زیاتر کردووە.