محەممەدجەعفەر قایمپەنا، جێگری جێبەجێکاری سەرۆککۆماری ئێران، ڕایگەیاند گۆڕانکاری لە نرخی بەنزیندا دەبێت ئەنجام بدرێت، چونکە بەرهەمهێنانی نێوخۆیی بەش ناکات و تێچووی هاوردەکردنی بەنزین چەند میلیارد دۆلاری تێپەڕاندووە.
ئەم دانپێدانانە چوار مانگ دوای لێدوانەکانی سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا دێت کە هۆشداریی دابوو بەهۆی گەمارۆی دەریایی واشنگتۆنەوە، بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران تووشی داڕمان دەبێت و وڵاتەکە ڕووبەڕووی قەیرانی کەمبوونی بەنزین دەبێتەوە.
قایمپەنا ئاماژەی بە کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا کرد و وتی بەهۆی ئەم دۆخەوە دەبێت بە ئیدارەکردنی پێویست، وڵامی پێداویستییەکانی وڵات بدەنەوە تا تووشی ئاڵۆزی نەبن.
لەگەڵ ئەوەش ناوبرار جەختی کردەوە کە هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر کات و ڕێژەی گرانکردنی سووتەمەنی نەدراوە.
ئەم مژارەی گرانکردنی نرخی سووتەمەنی لەکاتێکدایە کە ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە دروستبوونی ڕیزە درێژەکانی بەنزین لە شارەکاندا دەکەن.
ئێران یەکێک لە گەورەترین کۆگاکانی نەوتی جیهانی هەیە، بەڵام کۆماری ئیسلامی بەهۆی گەندەڵی، ناکارامەیی و تەرخانکردنی داهاتە نەوتییەکان بۆ بوارەکانی وەک هێزە نیابەتییەکان، وەبەرهێنانی پێویستی لە دامەزراوەکانی وزە و بەرهەمهێنانی بەنزیندا نەکردووە، هەر بۆیەش پشتی بە هاوردەکردنی بەنزین بەستووە.