کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی هەڵکشانی ڕێژەی هەڵاوسان لە شارەکانی ئێراندا

14:06 - 5 خەرمانان 2726

بانکی ناوەندیی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند کە ڕێژەی هەڵاوسان لە ئێران بۆ هەژدەهەمین مانگی لەسەریەک زیادی کردووە و هەڵاوسانی خاڵبەخاڵ لە گەلاوێژی ١٤٠٥دا گەیشتووەتە ٨٤.٤٪ لەسەد.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بنەماڵەکان لە گەلاوێژی ئەمساڵدا بۆ کڕینی هەمان کۆمەڵە لە کەلوپەل و خزمەتگوزارییەکان بە بەراورد لەگەڵ گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو، بە تێکڕا ٨٤.٤٪ زیاتریان خەرج کردووە.

هەڵاوسانی مانگانەش لە ناوچە شارییەکاندا گەیشتووەتە ٣.٧٪، واتە ئاستی گشتیی نرخەکان بە بەراورد لەگەڵ مانگی پووشپەڕدا ٣.٧٪ بەرزبووەتەوە.

لە نێو کاڵا و خزمەتگوزارییەکاندا، سەوزە و دانەوێڵەکان (٨.٧٪)، شیرەمەنی و هێلکە (٧.٨٪) و کرێی خانوو (٦٪) زیاترین بەرزبوونەوەیان هەبووە.

هەروەها بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، هەڵاوسانی ١٢ مانگە گەیشتووەتە ٦٥.١ لەسەد.

داتاکانی بانکی ناوەندی ئاماژە بەوە دەکەن کە پێوەری نرخی ئەو کاڵایانەی بەکار دەهێنرێن بە بەروارد لەگەڵ گەلاوێژی پاردا ١٢١.٥٪ گەشەی کردووە و هەڵاوسانی ساڵانەی کاڵا گەیشتووەتە ٩٢.٢٪ لەسەد.

لە بەشی خزمەتگوزارییەکانیشدا، نرخەکان بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ٤٩.٣٪ زیادیان کردووە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە لە هاوینی ساڵی ڕابردووەوە، بەپێی ئامارەکانی ناوەندی ئامار، ڕێژەی هەڵاوسان لە ناوچە گوندییەکاندا لە ناوچە شارییەکان بەرزتر بووە.