کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترسی ڕێژیم لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان هاوکات لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی ئابووری ئەمریکا

14:09 - 5 خەرمانان 2726

پسپۆڕان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کاناڵی "فاکس بیزینێس" ڕایانگەیاند کە ئۆپەراسیۆنی نوێی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا دژی کۆماری ئیسلامی، دەتوانێت توڕەیی جەماوەری لە نێوخۆی ئێراندا بگەیەنێتە ئاستی تەقینەوە و تاران ڕووبەڕووی ئەو دۆخە بکاتەوە کە "زیاتر لە هەموو شتێک لێی دەترسێت."

بە وتەی سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا، ئەم ستراتێژییە هێرشبەرانەیە کە ناوی "ڕۆژی سەرکەوتنی ئابووری" (Economic D-Day)ی لێنراوە، بە ئامانجی "چڕکردنەوەی گەمارۆکان و بەستنی هەر جۆرە سەرچاوەیەکی داهاتە" کە بوودجەی سپای پاسداران و ڕێژیمی ئێران دابین دەکات.

هاوکات دەوڵەتی ترامپ سزای لاوەکی بەکار دەهێنێت بۆ ناچارکردنی وڵاتان بە بڕینی پەیوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ تاران و لە هەنگاوی یەکەمدا نزیکەی ٦٠ کەسایەتی، شیرکەت و کەشتیی تۆمەتبار بە بازرگانیی نایاسایی خستووەتە لیستی ڕەشەوە.

کەسرا ئەعرابی، بەڕێوەبەری توێژینەوەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران لە ڕێکخراوی "یەکیەتی دژی ئێرانی ئەتۆمی"، ئاماژەی بە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردوو لە نێوخۆی ئێران کرد و ڕایگەیاند: "تەقینەوەی تووڕەیی جەماوەری ئامادەیە و ئەم ڕێکارە ئابوورییانە دەتوانن دۆخەکە بگەیەننە خاڵی تەقینەوە."

ناوبراو وتی: "ڕێژیم دەیەوێت بە تەواوی ڕێگە لە ڕوودانی شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتی بگرێت، لەکاتێکدا ئەمریکا کەرەستەی سەربازیی لە ناوچەکەدا هەیە؛ ڕێژیم لەوەش زیاتر کە لە هەموو شتێک دەترسێت، هەڵگیرسانی خۆپیشاندانەکانە لەژێر چاوەدێری یان پاڵپشتیی ئاسمانیی هێزە دەرەکییەکاندا."

ئەعرابی جەختیشی کردەوە کە ڕێژیمی ئێران پێش دەستپێکردنی ئەم ئۆپەراسیۆنە ئابوورییەش، بەهۆی گەمارۆدانی بەندەرەکانی لەلایەن ئەرتەشی ئەمریکاوە، لە ڕووی ئابوورییەوە تووشی ئازار و سزای سەخت بووەتەوە.