خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئيران لە دوایین کۆبوونەوەی خۆیدا کە لە ڕۆژی ٣ی خەرمانان بەڕێوە چوو، هەڵسەنگاندنی گشتگیری بۆ دۆخی نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و هەروەها هاوکێشە ئاڵۆزەکانی ناوچەکە کرد و تیشکی خستە سەر گۆڕانکارییە هەستیارەکان، قەیرانەکانی سیستمی سیاسیی ئێران و ئەو پەرەسەندنە خێرایانەی کە لە ناوچەکەدا ڕوو دەەن و تێیدا هەڵوێست و ڕوانگەی خۆی لەبارەی دۆخەکە دەستنیشان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوەکرایەوە سەرەڕای ئەوەی کە شەڕ و پێکدادانەکان، کۆنتڕۆڵکردنی ڕێڕەوە ستراتێژی و بازرگانیەەکان و دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەکان لە ناوچەکەدا ڕەهەندێکی مێژووییان هەیە، بەڵام دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران لە قۆناغێکی وەرچەرخانی یەکلاکەرەوەدایە و سیستمی حوکمڕانی لە ئێران لە قەیرانێکی قوڵ و بێچارەسەردا دەژی کە ناتوانێت خۆی لە لێکەوتەکانی دەرباز بکات. هەروەها ئاماژە بەوە کرا حکوومەتی ئێران جگە لە شەڕ ڕووبەڕووی سزا و گەمارۆی قورسی ئابووریی و گوشاری فرەچەشن بووە کە بەرەو لێواری داڕمان یان لەدەستدانی کۆنتڕۆڵ بەسەر ناوچە جیاوازەکانی دەبات.
لەبەرانبەر ئەم دۆخە و گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوانەشدا، جەخت لەسەر پێویستیی ئامادەکاریی هەمەلایەنەی مەیدانی، سیاسی و دیپلۆماسی دەکەین و پێمانوایە بزووتنەوەی دیموکراتیک و ڕزگاریخوازی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات نابێت لەم قۆناغەدا تەنها ڕۆڵی چاودێری هەبێت، بەڵکو پێویستە بە پلانی تۆکمە و ستراتێژییەکی ڕوونەوە ئامادەی هەر پەرەسەندنێک بێت. پێداگری لەوەش دەکەین سەرکەوتنی بزووتنەوەی کورد بەستراوە بە هاوسەنگییەکی دروست لەنێوان ڕەهەندە نەتەوەییەکان، کە بریتییە لە پاراستنی مافە ڕەواکان وبە دەستەبەرکردنی شوناسی نەتەوەیی و مافی بڕیاردان لە چارەنووسو ئیرادەی نەتەوەیی کورد لە ئێرانی داهاتوو لەگەڵ ئازادییەکانی ژنان، پرسی دیموکراسی، داخوازییە مەدەنییەکان و بەها پیشکەوتووەکانی کۆمەڵگە.
وەک هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران جەخت لەوە دەکەینەوە کە هێزەکان و لایەنە سیاسییەکان پێویستە بۆچوون و توانای حیزبی بخەنە خزمەت بەرژەوەندییەکانی نەتەوەکەمان و هەماهەنگییەکانیان لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا بەهێزتر بکەن. لەم پێناوەشدا، پێویستە لە بواری سەربازی، ئەمنی، ڕێکخستنی و دیپلۆماسییەوە هەنگاوی هاوبەش بنرێت و هەوڵەکانی هاوپەیمانی خێرا ببنەوە و دیالۆگ و لۆبیکردن لەگەڵ ناوەندە بڕیاربەدەستە نێونەتەوەییەکان و هێزەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنی دیموکراسیخواز لە ئێران بەڕێوە بچێت. لەم پێناوەشدا هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکان بە ئامادەکردنی دۆسیەی تایبەت لەسەر تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و دۆخی کوردستان و پێشکەشکردنی بە ناوەندە نيودەوڵەتی و پێوەندیدارەکان، هەروەها بە پێشوازی هاوبەش لە ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی «ژینا – ژن، ژیان، ئازادی» هەنگاو بەرەو بەهێزترکردنی پێگەی یەکگرتووی خۆی دەنێت.
لە کۆتایی ئەم کۆبوونەوەیەدا، هەموو لایەنەکان بە کۆدەنگی جەختیان لەسەر پێویستیی بەردەوامبوون و سووربوون لەسەر هەوڵەکان بۆ بەهێزکردن و پتەوکردنی زیاتری هاوپەیمانی کردەوە. ئەمەش نەک تەنها وەک پێویستییەک بۆ پتەوکردنی یەکگرتوویی لەنێوان لایەنەکاندا، بەڵکو بە مەبەستی خزمەتکردنی هەرچی باشتر بە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان و مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی ئازاد و دیموکراتیک بۆ داهاتوو دێتە ئاراوە.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
٥ی خەرمانانی ٢٧٢٦