لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئاشتی، سەرکردایەتیی ئێران تووشی لێکترازان و ناکۆکییەکی قووڵ بووە؛ بەشێک لە ڕێژیم دیپلۆماسی ڕەت دەکاتەوە و بەشەکەی دیکەی بە ئامرازی سەرکەوتنی دەزانێت.
لە لایەک، سپای تێرۆریستیی پاسداران و ڕەوتی توندڕەوی "پایداری" بە توندی دژی هەرجۆرە دیپلۆماسییەک وەستاونەتەوە و پێیان وایە بەخشینی بچووکترین ئێمتیاز بە ئەمریکا شکستە و جەخت لەسەر بەردەوامیی شەڕ تا گەیشتن سەرکەوتن دەکەنەوە.
لە بەرانبەردا، باڵی میانڕەوتر بە ڕێبەرایەتیی مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆمار و محەممەدباقر قاڵیباف، سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم، دانوستان بە پێویستییەکی بەپەلە دەزانن.
مێهدی محەممەدی، ڕاوێژکاری قاڵیباف ڕایگەیاندووە دانوستان ئامرازێکی سیاسی و تەواوکەری کردەی سەربازییە، تا دوژمن ناچار بە پاشەکشە و پێدانی ئیمتیازی ڕاستەقینە بکات.
ئەم لێکترازانە قووڵەی نێوخۆی تاران لەکاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامیی لە ڕووی سەربازی و ئابوورییەوە خەسارێکی زۆری بەرکەوتووە. ڕێژیمێک کە دوای بەرکەوتنی ئەو هەموو زەبرە قورسە هێشتا لەنێو خۆیدا خەریکی ململانێیە و توانای یەکلاکردنەوەی بڕیارێکی چارەنووسسازی نییە، بە ڕوونی دەریدەخات کە نە هێزی بەردەوامیدانی بە شەڕی ماوە و نە دەتوانێت لە چارەنووسی داڕمان و لەنێوچوون دەرباز بێت.