فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند کە هێزەکانی لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانەوە ناوچەکانی کەشتیوانیی نێودەوڵەتییان لەو مینە دەریاییانە پاک کردووەتەوە کە ماوەیەک پێش لەلایەن سپای تێرۆریستیی پاسدارانەوە لە گەرووی هۆرمۆز چێنرابوون.
برەد کۆپێر، فەرماندەی سێنتکام ئاشکرای کرد کە بە بەکارهێنانی زیاتر لە ۲۰ ناو و سەدان فڕۆکە، ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەکان کراونەتەوە و لە ماوەی ڕابردوودا بە پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا، نزیکەی ۱۵۰۰ کەشتیی بازرگانی بە ۷۵۰ میلیۆن بەرمیل نەوتی خاوەوە بە سەلامەتی لە گەرووەکە پەڕیونەتەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان.
لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، فەرماندەی سێنتکام جەختی کردەوە کە لە نێوەڕاستی مانگی ژووئیەوە هەناردەی نەوتی ئێران گەیشتووەتە سفر.
بەپێی ئامارەکان، هێزەکانی ئەمریکا ڕێگرییان لە ۷۵ کەشتی کردووە کە هەوڵیان داوە گەمارۆکە بشکێنن و گەڕاندوویاننەتەوە، هەروەها سێ کەشتیی تر دوای پەیڕەونەکردنی فەرمانەکان بە تەواوی لەکار خراون.
کۆپێر ئاماژەی بەوەش کرد کە هیچ کەشتییەک بێ مۆڵەت ڕێگەی پێ نادرێت بچێتە بەندەرەکانی ئێران یان لێیان دەربچێت، جگە لەو باری کەشتییانەی کە بۆ مەبەستی مرۆیی تەرخان کراون.