ڕۆژنامەی هائارتس لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا ئاماژەی بەوە داوە کە کەمبوونەوەی بەرچاوی هەناردەی نەوتی ڕێژیمی ئێران دەتوانێت سەرچاوە داراییەکانی سپای پاسداران و دەزگا ئەمنییەکان سنووردار بکات؛ بارودۆخێک کە ئەگەری گۆڕانی ڕێژیمیش زیاد دەکات.
دەیڤید ڕۆزێنبێرگ، شرۆڤەکاری هائارتس، نووسیویەتی کە نوێترین هەڵمەتی ئابووریی ئەمریکا دژی تاران جیاوازییەکی بنەڕەتیی لەگەڵ سزاکانی ڕابردوو هەیە.
ڕۆزێنبێرگ نووسیویەتی: "ئەمجارە شادەماری هەناردەی نەوتی ئێران بەتەواوی بڕاوە و حکوومەت ڕووبەڕووی مەترسیی لەدەستدانی یەکێک لە گرنگترین سەرچاوەکانی داهاتی خۆی بووەتەوە".
ناوبراو باسی لەوە کرد کە ئەمریکا هیواداره بە داخستنی ڕێڕەوە بازرگانی و داراییەکانی ڕێژیمی ئێران، داهاتی نەوتی تاران بۆ کەمترین ئاست داببەزێنێت.
لەو پێوەندییەدا ئێمارات، گەورەترین سەرچاوەی هاوردەکردنی ئێران و یەکێک لە ڕێڕەوە سەرەکییەکانی تێپەڕاندنی سزاکان، ڕایگەیاندووە کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و دارایی لەگەڵ تاران ڕادەگرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی هائارتس، کاربەدەستدانی ئێستای ڕێژیمی ئێران دوای کوژرانی ژمارەیەک لە مۆرە سەرەکییەکانی، توندڕەوتر بووە و لە زیاتر لە دیپلۆماسی، پشت بە هەڕەشە سەربازییەکان بەتایبەت لە گەرووی هۆرمۆز دەبەستێت.
لەو ڕۆژنامەیەدا، ئابووریی ئێران بە هەڵاوسانێکی نزیکەی لە سەدا نەوەد، کەمیی خێرای سووتەمەنی لەوانەش بەنزین و بێکارییەکی بەربڵاو وەسف کراوە.
نووسەری ئەو ڕۆژنامەیە نووسیویەتی: "تێکچوونی بژێویی گشتی بە تەنیا بۆ گۆڕینی ڕەفتاری حکوومەت بەس نییە؛ چونکە ئەگەر ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکان ڕوو بدەن، ئەگەری هەیە کۆماری ئیسلامی پەنا بۆ سەرکوتکردنی دڕندانە ببات".
بە باوەڕی ئەم شرۆڤەکارە، هۆکاری یەکلاکەرەوە ناڕەزایەتی یان گوشاری سەر هاووڵاتییانی ئاسایی نییە، بەڵکوو توانای ڕێژیمە بۆ دابینکردنی دارایی ئەو هێزانەی کە بەرپرسیارن لە پاراستنی پێکهاتەی دەسەڵات و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان.
بە وتەی ئەو ڕۆژنامەیە، لە ساڵی ٢٠٢٤دا سپای تێرۆریستیی پاسداران دەستی بەسەر نزیکەی لە سەدا پەنجا و یەکی قازانجی نەوتی ئێراندا گرتووە.
نووسەر پێی وایە کەمبوونەوەی ئەم داهاتانە ڕەنگە پێدانی مووچەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم پەک بخات و سەرچاوە بەردەستەکانی ئەو هێزانە بۆ کوشتاری خەڵکی ئێران سنووردار بکات.
سەرەڕای ڕاپۆرتەکان لەبارەی کەمبوونەوەی بەرچاوی هەناردەی نەوت، ئەگەری هەیە ڕێژیمی ئێران هێشتا بەشێک لە نەوتەکەی لە ڕێگەی وشکانی یان تێکەڵکردنی لەگەڵ نەوتی عێراق هەناردە بکات.
ئەم بارانە بە داشکاندنی قورس دەفرۆشرێن و گواستنەوەشیان تێچووی زیاتری هەیە؛ لە ئەنجامدا داهاتی کۆتایی تاران بەڕێژەیەکی بەرچاو لە ڕابردوو کەمتر دەبێتەوە و ڕێژیمی تاران بەچۆکدا دێنن.