کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: هیچ دانوستاندنێکمان لەگەڵ ئێراندا نییە و بژاردەی سەربازییش وەلا نەنراوە

10:23 - 6 خەرمانان 2726

دوناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕایگەیاند کە ئێران لە دۆخێکی زۆر سەختدایە و تەنانەت توانای دانی مووچەی هێزە سەربازییەکانی خۆشی نییە.

ترامپ جەختی کردەوە کە گوشارە ئابوورییەکانی ئێستای ئەمریکا بۆ سەر ئێران بە واتای وەلانانی بژاردەی سەربازی نییە و واشنگتۆن خوازیاری دەستپێکردنەوەی دانوستان یان سازدانی کۆبوونەوە لەگەڵ تاراندا نییە.

ترامپ هەروەها ڕایگەیاند کە گەرووی هۆرمۆز کراوەیە و هێزەکانی ئەمریکا بە تەواوی مینەکانیان پاک کردووەتەوە.

لەلایەکی ترەوە، ئانا کێلی و کارۆلین لیڤیت، وتەبێژانی کۆشکی سپی، پشتڕاستیان کردەوە کە هیچ دیالۆگێک لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا لەئارادا نییە و گەمارۆی دەریایی و ئۆپەراسیۆنی گوشاری ئابووری بەردەوام دەبێت.

هاوکات ڕۆژنامەی واڵ‌ستریت ژۆرناڵ بڵاوی کردەوە کە کۆشکی سپی پێشنیاری پاكستان بۆ گەڕانەوە بۆ لێکتێگەیشتنی ئیسلام‌ئابادی ڕەت کردووەتەوە؛ چونکە ترامپ سوورە لەسەر بەردەوامیدان بە ڕێکارەکانی گوشاری ئابووری.

لەنێو ئەم گرژییانەدا، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕایگەیاند وەزیرانی دەرەوەی ئێران و قەتەر لە تاران بۆ تاوتوێکردنی دروستکردنی ڕێڕەوێکی کاتیی کەشتیوانی لە گەرووی هۆرمۆز و جێبەجێکردنی پلانێکی هاوبەش بۆ هەڵگرتنەوەی مین لەو گەرووە کۆبوونه‌تەوە.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆبوونەوەکەدا جەختی کردەوە کە گەڕانەوە بۆ دۆخی پێش ٩ی ڕەشەمە، بەبێ ڕەچاوکردنی زیانە لێکەوتووەکان، گەمارۆی دەریایی و گوشارە ئابوورییەکانی ئەمریکا ئەستەمە.