کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران دوو کەسی دیکەی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە سێدارە دا

10:14 - 12 گەلاوێژ 2726

دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند، سەرلەبەیانیی دووشەممە دوو زیندانی بە ناوەکانی "ئومید بێهزاد" و "پوریا سەفوەت"ی بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" لە سێدارە داون.

هەواڵدەریی "میزان"ی سەر بە دەزگای دادوەریی ڕێژیم ڕایگەیاند، ئەم دوو کەسە لە کاتی شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێراندا، زانیاری و شوێنی بنکە سەربازی و ئەمنییەتییەکانیان بۆ مووساد ناردووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، سزای لەسێدارەدانیان لە دیوانی باڵای ڕێژیمدا پشتڕاست کراوەتەوە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە کاتی دەسبەسەرکردن و وردەکاریی دۆسییەکەیان بکرێت.

شێوازی جێبەجێکردنی ئەم سزایە و ناڕوونیی دۆسییەکە کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە و تا پێش ڕاگەیاندنی لەسێدارەدانیان، هیچ زانیارییەک لەسەر دەسبەسەرکردن و دادگاییکردنیان بە ئاشکرا بڵاو نەکراوەتەوە و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش زانیارییان لەسەر دۆسییەکەیان نەبووە؛ هەروەها تا ئێستا هیچ وێنەیەکیان بڵاو نەکراوەتەوە.

ئەم لەسێدارەدانانە لە کاتێکدان کە شەپۆلی سزادانی زیندانییان لە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە؛ ناوەندەکانی مافی مرۆڤیش نیگەرانیی قووڵی خۆیان بەرانبەر دەرکردن و جێبەجێکردنی خێرای سزای لەسێدارەدان، بەتایبەت لە دۆسییە ئەمنییەتییەکاندا دەربڕیوە.