دەیڤید بارنیا، بەرپرسی پێشووی دەزگای زانیاریی ئیسرائیل (مووساد)، لە یەکەم وتاری گشتیدا دوای دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی، ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران لە کۆتاییدا بە هۆی تێکەڵەیەک لە "گوشاری ئابووری، ئۆپەراسیۆنی سەربازی و هەواڵگری و خۆپیشاندانی سەرانسەری" هەرەس دەهێنێت.
بەپێی ڕاپۆرتی "جێروزاڵم پۆست"، بارنیا لە شارەوانیی ئورشەلیم پشتیوانیی خۆی بۆ بڕیارە نوێیەکانی دەوڵەتی دوناڵد ترامپ بۆ توندکردنەوەی گوشارە ئابوورییەکان لەسەر تاران دەربڕی، بەڵام جەختی کردەوە کە سزاکان بە تەنیا بەس نین.
ناوبراو وتی: "سەپاندنی توندترین سزاکان دژی ئێران بڕیارێکی ڕاست بوو، بەڵام سزاکان تەنیا قۆناغێکن لە ڕێگەکەدا. بە بڕوای من هیچ ڕێگەیەک جگە لە توندکردنەوەی ڕێکارە ئابووری، سیاسی و ئۆپەراسیۆنییەکان دژی ڕێژیم نییە تا ئەو کاتەی دەڕووخێت، کە هەر دەشڕووخێت."
بەرپرسی پێشووی مووساد بە ئاماژەدان بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی "نەڕەی شێران" (Roaring Lion) ڕایگەیاند، تا بەر لەم ئۆپراسیۆنە وەها هەست دەکرا کە ئێران تەنیا کێشەی ئیسرائیلە، بەڵام ئەمڕۆ تەواوی جیهان بە ڕوونی تێگەیشتوون کە هەڕەشەکانی ئێران تەنیا کێشەی ئیسرائیل نین.
بارنیا هەروەها جەختی کردەوە کە توانای سەربازیی گرووپەکانی حەماس و حیزبوڵڵای لوبنان بە بەراورد لەگەڵ بەر لە ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ تووشی لاوازی و زەبرێکی زۆر سەخت بووەتەوە.