کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرووسی: دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئێران بەهۆی شەڕەوە گەیشتوونەتە بنبەست

10:39 - 6 خەرمانان 2726

ڕافائێل گرووسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "کلارین"ی ئارژانتین ڕایگەیاند کە دانوستانەکان سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بە هۆی شەڕەوە بە تەواوی وەستاون و ڕووبەڕووی بنبەست بوونەتەوە.

گرووسی ئاماژەی بەوە کرد کە نزیکەی ٤٤٠ کیلۆگرەم ئۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاستبەرز لە هەمان شوێنی پێشووی خۆیدا ماوەتەوە کە لە کاتی شەڕی ۱۲ ڕۆژەی ساڵی ڕابردوودا لێی بووە.

بەڕێوەبەری ئاژانس ڕوونی کردەوە کە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران زیانی بەرچاویان بەرکەوتووە و ئەگەری دەستپێکردنەوەی نۆژەنکردنەوەیان هەیە، بەڵام هێشتا بەڵگەیەکی بەهێز بۆ سەلماندنی ئەوە لەبەر دەستدا نییە.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیشدا لە واشنگتۆن، گرووسی جەختی کردەوە تا ئەو کاتەی پرسە گرنگەکانی وەک دۆخی گەرووی هۆرمۆز ڕوون نەبنەوە، بابەتی ئەتۆمی لە پێشینەی کارەکاندا نابێت.

لە بەرانبەردا، محەممەد ئیسلامی، بەرپرسی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ڕێژیم ڕایگەیاند کە پیشەسازیی ئەتۆمیی وڵاتەکەی سەرباری گوشار، سزا و هێرشە سەربازییەکان، لە ئاستێکی بەرزی جیهانیدایە و شانبەشانی وڵاتە پێشەنگەکان دەڕوات.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە دۆناڵد ترامپ جەخت دەکاتەوە هێرشەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل بۆ ڕێگری لە دەستڕاگەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی بووە، بەڵام ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بە هۆی شەڕەوە ئەگەری هەیە ویستی ڕێژیمی ئێران بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی زیاتر بووبێت.