بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "فەرانسە" و بەپشتبەستن بە دامەزراوەی هێزی دەریایی ئەمریکا (USNI)، لەگەڵ درێژخایەنبوونی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران، کەشتییەکی نوێی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکا ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکرێت.
گرووپی ئۆپەراسیۆنی ناوچەیی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "یووئێسئێس تێئۆدۆر ڕووزڤێڵت" (USS Theodore Roosevelt) بڕیارە لە حەفتەکانی داهاتوودا لە سەن دیێگۆ لە کەناراوەکانی ڕۆژاوای ئەمریکاوە بەڕێ بکەوێت و ئەرکێکی زیاتر لە هەشت مانگ دەست پێ بکات.
ئەم کەشتییە دەبێتە جێگرەوەی "یووئێسئێس جۆرج واشنگتۆن" کە حەفتەی ڕابردوو لە ژاپۆنەوە بەرەو ناوچەکە بەڕێکەوت و گەیشتە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
کەشتیی جۆرج واشنگتۆن خۆی ببوە جێگرەوەی کەشتیی "یووئێسئێس ئابراهام لینکۆڵن" کە لە مانگی نۆڤامبری ٢٠٢٥ەوە لە دەریادا ماوەتەوە.
لە کاتی دەستپێکردنی شەڕ دژی ئێران لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لە کۆتایی مانگی فێڤرییە، واشنگتۆن بەردەوام لانیکەم کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی سەر ئێران و جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی لەسەر بەندەرەکانی ئەو وڵاتە لە دەریای عەرەب هێشتووەتەوە.