کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێ‌وڵاممانەوەی داواکاریی ۱۷۰ کرێکاری بێکارکراوی "پوویا نەخ"ی ئیلام

12:01 - 6 خەرمانان 2726

نزیکەی ۱۷۰ کرێکاری کارگەی ڕستنی "پوویا نەخ" لە شارۆچکەی "چەوار" سەر بە پارێزگای ئیلام، ماوەی ساڵێکە لە دۆخێکی ناڕووندا ماونەتەوە و تا ئێستادا بەدواداچوونە بەردەوامەکانیان بۆ گەڕانەوە سەر کار یان دابینکردنی مافە یاساییەکانیان بە بێ‌ئەنجام ماوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی حکوومەتیی "ئیلنا"، ئەم کرێکارانە کە زۆربەیان لە هێزی لاو و خوێندەواری پارێزگای ئیلامن، لە گەلاوێژی ساڵی ڕابردووەوە بەهۆی وەستانی هێڵی بەرهەمهێنانی کارگەکەوە بێکار بوون.

نوێنەرانی کرێکاران ڕایانگەیاندووە کە سەرباری چەندین دانیشتن لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگا، ئیدارەی کار و ڕێکخراوی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، هیچ بڕیارێکی کرداری بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان نەدراوە.

یەکێک لە کرێکارە ناڕازییەکان لەبارەی دۆخی گوزەرانیانەوە ڕایگەیاند، لە کاتی وەستانی کارگەکەوە تا ئێستا سەرجەم ئەو داراییەی بە ناوی هاوکاری لە خاوەنکار وەرگیراوە، ڕێژەیەکی زۆر کەم لە مافە سەرەتاییەکانیان پێک دەهێنێت.

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە سەرباری کەمکردنی مانگانەی مافی بیمە لە مووچەی کرێکاران لەماوەی ۱۵ تا ۲۰ ساڵی ڕابردوودا، هێشتا مووچەی بیمەی بێکاری بۆ ئەم ۱۷۰ کرێکارە نەنێردراوە و جێبەجێ نەکراوە.